واده‌ی‌ سه‌ردانی‌ شاندی‌ ئیمرالی‌ بۆ لای‌ سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش راگه‌یه‌ندرا


وێستگه‌نیوز-
نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی پارتی یه‌كسانی و دیموكراسی گه‌لان (ده‌م پارتی) رایگه‌یاند، رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو شانده‌كه‌یان سه‌ردانی گرتووخانه‌ی ئه‌دیرنه‌ ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش كۆده‌بنه‌وه‌.

 

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 8ی كانوونی دووه‌می 2025 نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی ده‌م پارتی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا شانده‌كه‌ی ئیمراڵی، رۆژی شه‌ممه‌ی هه‌فته‌ی داهاتوو، 11ی كانوونی دووه‌م، سه‌ردانی سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش، هاوسه‌رۆكی پێشووتری هه‌ده‌په‌ ده‌كه‌ن.

 له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو كه‌ رۆژی دواتر شانده‌كه‌ سه‌ردانی گرتووخانه‌ی كاندرا له‌ پارێزگه‌ی كۆجائه‌لیی توركیا ده‌كات و له‌گه‌ڵ فیگه‌ن یوكسه‌كداغ، هاوسه‌رۆكی پێشووتری هه‌ده‌په‌ كۆده‌بێته‌وه‌.

پێشتر زینار كه‌ره‌ڤیل راوێژكاری میدیایی سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆكی پێشووتری پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) به‌ وێستگه‌نیوزی وت كه‌ "شانده‌كه‌ی ئیمراڵی دوای كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی توركیا، سه‌ردانی سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش ده‌كه‌ن كه‌ له‌ زیندانی ئیدرنه‌ زیندانی كراوه‌".

رۆژی 28ـی كانوونی یه‌كه‌می 2024، شاندی ده‌م پارتی و عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان، رێبه‌ری زیندانیكراوی په‌كه‌كه‌ له‌ گرتووخانه‌ی ئیمراڵی كۆبوونه‌وه‌ و دواتر شانده‌كه‌ی ده‌م پارتی رایگه‌یاند، په‌یامه‌كه‌ی ئۆجالان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی توركیا تاووتوێ ده‌كه‌ن.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی میدیا نزیكه‌كانی "ده‌م پارتی"، وه‌فده‌كه‌ی ئیمرالی له‌گه‌ڵ ده‌میرتاش گفتوگۆ له‌باره‌ی نامه‌ حه‌وت خاڵییه‌كه‌ی ئۆجه‌لان ده‌كه‌ن، كه‌ (29) مانگی رابردوو و رۆژێك دوای سه‌ردانی وه‌فده‌كه‌ی ده‌م پارتی بۆ ئیمرالی، ناوه‌رۆكه‌كه‌ی بۆ رای گشتی بڵاوكرایه‌وه‌.

سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش كه‌ نزیكه‌ی 9 ساڵه‌ له‌ زیندانه‌، تا ئێستا هیچ هه‌ڵوێستێكی فه‌رمی له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌كانی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ئاشتی له‌ توركیا و باكوری كوردستان ده‌رنه‌بڕیووه‌.

ده‌میرتاش هاوسه‌رۆكی پێشووتری پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌)، له‌ رۆژی 4ـی كانوونی یه‌كه‌می 2016 له‌سه‌ر دۆسیه‌ی كۆبانی ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌ و سزای 44 ساڵ زیندانیكردنی به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌. نزیكه‌ی 9 ساڵی سزاكه‌ی ته‌واوكردووه‌ و 33 ساڵ سزای ماوه‌ و ده‌بێت له‌ زیندانی ئیدرنه‌ به‌سه‌ری ببات.

تا ئێستا پرسی ئازادكردنی زیندانیانی سیاسی ده‌م پارتی له‌ناویاندا سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش باس نه‌كراوه‌.




PM:08:47:08/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 996 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو