پێشه‌وا هه‌ورامانی: كشانه‌وه‌ی كورد له‌ به‌غدا مه‌حاڵ نییه‌


وێستگه‌نیوز-
وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ كشانه‌وه‌ی كورد له‌ به‌غدا مه‌حاڵ نییه‌ و گه‌ر مامه‌ڵه‌ی‌ به‌رپرسانی‌ به‌غدا به‌مشێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت، ئه‌گه‌رێكه‌ رووبدات.

پێشه‌وا هه‌ورامانی وته‌بێژی‌ حكومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان له‌ لێدوانێكدا بۆ میدیایه‌كی‌ پارتی‌ ده‌ڵێت: "وه‌زاره‌تی دارایی عێراق پابه‌ندی بڕیاری دادگای فیدراڵی نه‌بووه‌، پابه‌ندی هیچ رێككه‌وتنێك نه‌بووه‌ له‌ باره‌ی ناردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیراندا هه‌م سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت و هه‌م جێگره‌كه‌ی‌ پێیانوابوو كه‌ له‌ ساڵی‌ نوێدا نابێت به‌مجۆره‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم بكرێت".

روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ هه‌نگاوی‌ یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ "تیمێكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ پله‌باڵاكان كه‌ له‌ به‌غدا پله‌ و ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌ و له‌ناو حكومه‌تی‌ عێراقدا پۆستی‌ باڵایان هه‌یه‌، به‌منزیكانه‌ دانیشتنێكیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان".

وته‌بێژی‌ حكومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان راشیگه‌یاند كه‌ "كشانه‌وه‌ له‌ به‌غدا دوور نییه‌ و مه‌حاڵیش نییه‌ و ئه‌گه‌ر مامه‌ڵه‌ی‌ به‌رپرسانی‌ به‌غدا به‌مجۆره‌ به‌رده‌وام بێت، ئه‌گه‌رێكه‌ رووبدات".


PM:08:14:08/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 1256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو