ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران: به‌داخه‌وه‌ مووچه‌خۆرانی هه‌رێم، مووچه‌ی مانگی 12 یان وه‌رنه‌گرتووه‌


وێستگه‌نیوز-
ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ هه‌رێمی‌ كورستان دووپارتی‌ كرده‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌رك و پابه‌ندییه‌كانی خۆی به‌ ته‌واوی و به‌ باشترین شێوه‌ جێبه‌جێ كردووه‌ بۆیه‌ حكومه‌تی فیدراڵ پێویسته‌ شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم به‌ ته‌واوی بنێرێت.


ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 8ی كانوونی دووه‌می 2025، به‌ سه‌رپه‌رشتیی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌وه‌.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌، له‌ سه‌ره‌تادا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئاماژه‌ی به‌ سه‌ردانی شاندێكی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌نقه‌ره‌ی پایته‌ختی توركیا و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆماری توركیا و به‌رپرسانی باڵای دیكه‌ی ئه‌و وڵاته‌ كرد و ڕوونیكرده‌وه‌ كه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌كاندا، جیا له‌ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندیی دوو لایه‌نه‌، جه‌خت له‌ ڕۆڵی گرنگی هه‌رێمی كوردستان له‌ ناوچه‌كه‌ و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵ كرایه‌وه‌، به‌ تایبه‌تی نه‌هێشتنی به‌ربه‌سته‌كانی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ زووترین كاتدا. هه‌روه‌ها له‌ باره‌ی په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی دۆخی گشتی سوریاش، جه‌خت له‌ پاراستنی مافی گشت پێكهاته‌كان و ئاشتی و ئارامیی ئه‌و وڵاته‌ كرایه‌وه‌.  

له‌ بڕگه‌ی یه‌كه‌مدا، له‌لایه‌ن ئومێد سه‌باح سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران زانیاریی له‌ باره‌ی بارودۆخی دارایی ساڵی 2024 خرایه‌ڕوو، كه‌ پێشتریش وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری، ئه‌م زانیارییانه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كدا بۆ ڕای گشتی خستبووه‌ڕوو، به‌وه‌ی سه‌ره‌ڕای مافی ده‌ستووریی و بوونی ته‌رخانكراو له‌ناو خشته‌كانی یاسای بودجه‌ی عێراق و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بۆ خه‌رجكردنی شایسته‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان هاوشێوه‌ی ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق و به‌دوورگرتنی له‌ هه‌ر ناكۆكیی و كێشه‌یه‌ك نێوان هه‌ردوولا، سه‌ره‌ڕای بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ بۆ ڕاسپاردنی وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ بۆ به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر خه‌رجكردنی مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان تا كۆتایی ساڵی 2024، به‌ڵام حكومه‌تی فیدراڵ پابه‌ند نه‌بوو به‌ خه‌رجكردنی ته‌واوی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم كه‌ له‌ كۆی ته‌رخانكراوی هه‌رێمی كوردستان بۆ مووچه‌ به‌پێی خشته‌كانی ته‌رخانكراوی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی فیدراڵ كه‌ بڕی (11) ترلیۆن و (576) ملیار دیناره‌، ته‌نها بڕی (10) ترلیۆن و (752) ملیار دیناری به‌ فیعلی خه‌رجكردووه‌، بۆیه‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌ داهاتی ناوخۆی خۆی، 960 ملیار دیناری خه‌رجكردووه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی مووچه‌، سه‌ره‌ڕای ناردنی به‌شی خه‌زێنه‌ی فیدڕاڵیی له‌ داهاتیی ناوخۆی هه‌رێم و ئه‌وه‌شی له‌ داهاتی ناوخۆ ماوه‌ته‌وه‌ بۆ خه‌رجیی به‌كاربردن تایبه‌ت به‌ خزمه‌تگوزارییه‌ گشتیه‌كان و پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان خه‌رجكراوه‌ به‌و پێیه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ، جگه‌ له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ هیچ شایسته‌یه‌كی دیكه‌ی هه‌رێمی خه‌رج نه‌كردووه‌ له‌ ته‌رخانكراوه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێم وه‌ك بودجه‌ی به‌كاربردن و بودجه‌ی پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان.

دواتر له‌ لایه‌ن عه‌بدولحه‌كیم خه‌سره‌و سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگی وبه‌دواداچوون، ڕاپۆرتێك له‌باره‌ی ئیعتمادكردنی ژماره‌ی كه‌سیی بێهاوتای پرۆسه‌ی تۆماری بایۆمه‌تری مووچه‌خۆرانی هه‌رێم له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی پلاندانانی حكومه‌تی فیدراڵ و ناردنی گشت زانیارییه‌ داواكراوه‌كان بۆ به‌غدا خسته‌ڕوو، كه‌ به‌م هه‌نگاوه‌ش، كۆتایی به‌ بیانووی حكومه‌تی فیدڕاڵ دێت سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تی ژماره‌ی وه‌زیفیی. له‌مباره‌یه‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌ ڕۆڵی گرنگی فه‌رمانگه‌ی ته‌كنه‌لۆجیای زانیاری كرد له‌ ئاماده‌كردنی سیسته‌می په‌یڕۆڵ و ژماره‌ی وه‌زیفی مووچه‌خۆران.

بڕگه‌ی كۆتایی كارنامه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، گفتوگۆكردن بوو له‌باره‌ی به‌ره‌وپێشچوونه‌كانی پڕۆژه‌ی به‌ ئه‌لیكترۆنیكردنی ناوه‌ندیی خشته‌ی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم ناسراو به‌ (پڕۆژه‌ سیستمی په‌یڕۆڵ) كه‌ قۆناخێكی پڕۆژه‌ی بایۆمه‌ترییه‌ و ڕۆڵی وه‌زاره‌ته‌كان و یه‌كه‌ ژمێریارییه‌كانیان له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2025 ه‌وه‌ خشته‌ی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم به‌ شێوه‌یه‌كی ئه‌لكترۆنی ئاماده‌ ده‌كرێت و به‌ بێ كه‌م وكوڕی ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی دارایی عێراقی فیدڕاڵ ده‌كرێت.

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌رك و پابه‌ندییه‌كانی خۆی به‌ ته‌واوی و به‌ باشترین شێوه‌، جێبه‌جێ كردووه‌ و له‌ هه‌وڵه‌كانیشی له‌ گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ به‌رده‌وامه‌ بۆ دابینكردنی مووچه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و له‌م ڕووه‌وه‌، چاوه‌ڕوانین حكومه‌تی فیدراڵه‌ ته‌واوكاریی شایسته‌ی دارایی مووچه‌خۆران بۆ ساڵی 2024 بنێرێت، كه‌ به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی ڕێكاره‌كانی وه‌زاره‌تی دارایی فیدڕاڵ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ مانگی 1ی ساڵی2025ین و مووچه‌خۆرانی ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق، مووچه‌ی مانگی 12 یان وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام مووچه‌خۆرانی هه‌رێم، وه‌ریان نه‌گرتووه‌، له‌ كاتێكدا وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم، سه‌رجه‌م بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ ته‌رازووی پێداچوونه‌وه‌ و لیسته‌كانی مووچه‌ی چاره‌سه‌ركردووه‌ و لیستی مووچه‌ی هه‌ر سێ مانگه‌كه‌شی به‌ ته‌واوی و به‌ بێ كه‌موكوڕیی بۆ وه‌زاره‌تی دارایی فیدڕاڵ ناردووه‌.



PM:05:43:08/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 1676 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو