مه‌سعود بارزانی‌ له‌گه‌ڵ‌ وه‌فدێكی‌ ئه‌نه‌كه‌سه‌ كۆبووه‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ‌ وه‌فدێكی‌ ئه‌نه‌كه‌سه‌ كۆبۆوه‌، باره‌گای‌ بارزانیش ده‌ڵێت: "جه‌خت له‌ پشتیوانیكردنی دۆزی گه‌لی كورد له‌ سوریا و پێویستیی یه‌كڕیزیی و یه‌كهه‌ڵویستیی لایه‌نه‌ كوردییه‌كان كرایه‌وه‌".


باره‌گای‌ بارزانی‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 8ی كانوونی دووه‌می 2025 مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌ سه‌ڵاحه‌ددین پێشوازی له‌ وه‌فدێكی سه‌ركردایه‌تیی ئه‌نه‌كه‌سه‌ كرد.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ "له‌ دیداره‌كه‌دا بیروڕا له‌باره‌ی بارودۆخ و دوایین پێشهات و گۆڕانكارییه‌كانی سوریا و هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌مه‌ڕ گۆڕانكارییه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كان ئاڵوگۆڕ كرا".

به‌گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی‌ باره‌گای‌ بارزانی‌ له‌و دیداره‌دا سه‌رۆكی پارتی‌ جه‌ختی له‌ "پشتیوانیكردنی دۆزی گه‌لی كورد له‌ سوریا و پێویستیی یه‌كڕیزیی و یه‌كهه‌ڵویستیی لایه‌نه‌ كوردییه‌كان و ڕه‌چاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌لی كورد له‌ سوریا و پشتبه‌ستن به‌ دیالۆگ و ڕێكاری ئاشتیانه‌ كرده‌وه‌".

هاوكات ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانیی كورد له‌ سوریا (ئه‌نه‌كه‌سه‌) ڕاگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بڵاوكرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ كه‌ "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بیروڕا له‌باره‌ی پێشهاته‌ ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئاڵوگۆڕ كرا، به‌تایبه‌تی دۆخی سووریا دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو" .

ئه‌نه‌كه‌سه‌ باس له‌وه‌كردوه‌ كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه‌ كرایه‌وه‌:

1. گرنگیی به‌شداریی گه‌لی كورد له‌ داڕشتنی داهاتووی سوریا.

2. پێویستی یه‌كڕیزی لایه‌نه‌ كوردییه‌كانی ڕۆژئاوای كوردستان.

3. ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر دیدێكی هاوبه‌شی كوردی سه‌باره‌ت به‌ مافه‌كانی گه‌لی كورد.

4. كاركردن له‌گه‌ڵ هێزه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ جیاوازه‌كانی سوریا و ئیداره‌ی ئێستای ئه‌و وڵاته‌.



PM:05:03:08/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 856 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو