سبه‌ینێ‌ پارتی و یه‌كێتی كۆده‌بنه‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
بڕیاره‌ سبه‌ینێ‌ وه‌فدی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ شاری‌ هه‌ولێر كۆببنه‌وه‌ و گفتوگۆ له‌سه‌ر نووسینه‌وه‌ی به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.


به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ ده‌ست وێستگه‌ كه‌وتوون، سبه‌ینێ‌ سێشه‌ممه‌ 7ی كانوونی دووه‌می 2025، وه‌فدی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان تایبه‌ت به‌ئاماده‌كردنی نووسینه‌وه‌ی به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له‌ هه‌ولێر كۆ ده‌بنه‌وه‌.

وه‌فده‌كه‌ی‌ پارتی‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی پشتیوان سادق ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی‌ و ئه‌ندامێتی‌ دڵشاد شه‌هاب ده‌بێت و وه‌فده‌كه‌ی‌ یه‌كێتی به‌ سه‌رۆكایه‌تی رێواس فایه‌ق، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی و ئه‌ندامێتی‌ ئامانج ره‌حیم ده‌بێت.

وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌ وێستگه‌ گه‌یشتووه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نووسینه‌وه‌ی به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت گفتوگۆی‌ له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت.

سه‌ره‌تای‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ش سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ وته‌بێژی یه‌كێتی رایگه‌یاند كه‌ "له‌ كۆبوونه‌وه‌ی رابردووی نێوان یه‌كێتیی و پارتی كه‌ له‌ 17ی مانگی رابردوو له‌ پیرمام به‌ڕێوه‌چوو بڕیاردرا دوای سه‌ری ساڵ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تر بكرێت".

وتیشی‌: "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر كاراكردنی چۆنێتی پێكه‌وه‌ كاركردن له‌سه‌ر ئاسته‌ جیاجیاكان ده‌كرێت و باسی خاڵه‌ هاوبه‌ش و ناكۆكه‌كانی نێوان هه‌ردوولاش ده‌كرێت".

كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سبه‌ینێ‌، ده‌بێته‌ سێیه‌م كۆبوونه‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ دوای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ خولی‌ شه‌شه‌می‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان كه‌ له‌ 20ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ ئه‌مساڵ‌ به‌ڕێوه‌چوو.


PM:07:02:06/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 7644 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو