دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید: داكۆكیكاری راسته‌قینه‌ ده‌بین له‌ ماف و داواكارییه‌كان و دۆزی ره‌وای گه‌له‌كه‌مان


وێستگه‌نیوز-
دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید رایده‌گه‌یه‌نێت؛ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان خاوه‌نی پڕۆژه‌ی سیاسی و نیشتمانی سه‌ربه‌خۆی خۆیه‌تی كه‌ له‌ خزمه‌تی خه‌ڵك و كوردستاندایه‌، ده‌شڵێت: "به‌ هیمه‌تی گۆڕانخوازانی دڵسۆز بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌هێز ده‌كه‌ینه‌وه‌ و داكۆكیكاری راسته‌قینه‌ ده‌بین له‌ ماف و داواكارییه‌كان و دۆزی ره‌وای گه‌له‌كه‌مان.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 6ی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ 2025 دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید "رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان" سه‌ردانی شاری پێنجوێنی كرد و له‌گه‌ڵ ده‌سته‌بژێرێك له‌ هه‌ڵسوڕاوانی سنووره‌كه‌ كۆبوه‌وه‌، له‌ دیداره‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ "پێنجوێن و پێنجوێنیه‌كان بۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان گرنگن و خه‌ڵكی قوربانیده‌ر و خاوه‌ن پره‌نسیپی به‌رز و ویستی گۆڕانخوازی و چاكسازین".

دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ "نوێنه‌رانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ سنوره‌كه‌ و یه‌كه‌ ئیدارییه‌كانیشی خه‌ڵكانی خۆشه‌ویست و دڵسۆزبون و به‌وپه‌ڕی تواناوه‌ هه‌وڵی خزمه‌تكردنی خه‌ڵكیان داوه‌ و له‌گه‌ڵ ئازار و خه‌م و داواكارییه‌كانیاندابون و خه‌ڵكی شاره‌كه‌ش به‌وه‌فابون بۆ دڵسۆزییان، بۆیه‌ ئێستاش ده‌مانه‌وێت به‌ هه‌مان گڕوتینه‌وه‌ به‌شداربن له‌گه‌ڵمان له‌ هه‌نگاوه‌كانی خۆڕێكخستنه‌وه‌".

باسی‌ له‌وه‌شكرد كه‌ "بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پرۆژه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فایه‌ كه‌ رێبه‌ری نیو سه‌ده‌ له‌ خه‌باتی گه‌له‌كه‌مانه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی و گۆڕانكاری و دادی كۆمه‌ڵایه‌تی، بۆیه‌ به‌ ئه‌ركی خۆمانی ده‌زانین به‌ شانازییه‌وه‌ درێژه‌پێده‌ر و داكۆكیكاری ئه‌و پرۆژه‌ و رێبازه‌ بین".

دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید راشیگه‌یاند كه‌ "له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا سه‌رقاڵی ئاماده‌كارین بۆ به‌ستنی كۆنفرانسی بونیاتنانه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و به‌هێز كردنه‌وه‌ی به‌ ئامانجی به‌هێزكردنه‌وه‌ی به‌ره‌ی خه‌ڵك".


PM:06:42:06/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 7376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو