قائیمقامی قه‌زای پیرمام زانیاری‌ ده‌رباره‌ی‌ رووداوی‌ ته‌قه‌كردن له‌ مه‌فره‌زه‌یه‌كی‌ پۆلیس ده‌خاته‌ڕوو


وێستگه‌نیوز، شاهین فواد-
قائیمقامی قه‌زای پیرمام زانیاری‌ ده‌رباره‌ی‌ رووداوی‌ ته‌قه‌كردن له‌ مه‌فره‌زه‌یه‌كی‌ پۆلیس ده‌خاته‌ڕوو و رایگه‌یاند كه‌ دوای‌ ته‌قه‌كردنه‌كه‌ تۆمه‌تباره‌كه‌ هه‌ڵات، به‌ڵام دواتر ده‌ستگیر كرایه‌وه‌.

پێشنیوه‌ڕۆی‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ له‌ناحیه‌ی‌ به‌ستۆره‌ له‌كاتی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ تۆمه‌تبارێك ته‌قه‌ له‌ مه‌فره‌زه‌یه‌كی‌ پۆلیس كرا و له‌ئه‌نجامدا دووانیان برینداربوون

حامید ئیسماعیل قائیمقامی قه‌زای پیرمام له‌ لێدوانێكدا بۆ وێستگه‌نیوز له‌وباره‌وه‌ وتی‌: "تۆمه‌تبارێك كه‌ له‌ سنووری‌ بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ مناره‌ی‌ هه‌ولێر داواكراوبوو، له‌ سنووری‌ ئێمه‌ بوو، پۆلیس ده‌ستگیریان كرد".

وتیشی‌: "له‌كاتی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ تۆمه‌تباره‌كه‌ بۆ ناو ئۆتۆمبێل كوڕه‌كه‌ی‌ كه‌ له‌گه‌ڵی‌ بوو ته‌قه‌ی‌ له‌ به‌رقاچی‌ پۆلیسه‌كان كرد و به‌شێك له‌ پۆلیسه‌كان برینداربوون".

باسی‌ له‌وه‌شكرد كه‌ "دواتر تۆمه‌تباره‌كه‌ له‌گه‌ل كوڕه‌كه‌ی‌ هه‌ڵات، به‌ڵام دوای‌ كاتژمێرێك ده‌ستگیر كرانه‌وه‌".

راشیگه‌یاند كه‌ رووداوه‌كه‌ له‌به‌رده‌رگای‌ بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ به‌ستۆره‌ بووه‌ و ته‌قه‌یان له‌ زه‌وی‌ كردووه‌ دواتر له‌ هه‌ولێر ده‌ستگیركرایه‌وه‌.





PM:05:15:06/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 880 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو