عەلی حەمە ساڵح: نرخی هەندێک پشکنین لە 15 هەزارەوە بووە بە 630 هەزار دینار


وێستگەنیوز_ هێڤار هیوا

عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی رەوتی هەڵوێست سەبارەت بە پێدانی تاقیگەکان بە کەرتی تایبەت رایگەیاند: گرێبەستێک کراوە بۆ ماوەی 10 ساڵ کە کوالیتی هەموو پشکنینەکان دادەبەزێنێت و نرخەکان بەرز دەکەنەوە و کێبڕکێش نامێنێت. دەشڵێت، "دادگا لێرە جورئەت ناکات دەست بەرێت بۆ وەزیر و سەرۆکی حکومەت، تەنها بۆ خەڵکی فەقیر ئازان."

ئەمرۆ دووشەممە 6ـی 1ـی 2025، عەلی حەمە ساڵح لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "دەست بۆ هەندێک مەترسی گەورە براوە، ئەو پشکنینەی تایبەتە بە شیکاری ڤایرۆسی لە بانکی خوێن دراوە بە کۆمپانیایەکی ئیتاڵی نمرە دوو کە لە رێبەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی-WHO تۆمارنەکراوە. ئەم کۆمپانیایە دە ساڵ لەمەوپێش هی بەرێوەبەرایەتییەکانی دەکرد و لایان برد! پرسیارمان کرد بۆ لایان برد؟ وتیان مەترسی ڤایرۆسی ئایدز و ڤایرۆسی جگەر هەیە بەهۆی ئەمەوە بڵاوبکاتەوە، ئەمانە ئێستا گەراونەتەوە بۆ هەمان کۆمپانیا." 

ئاماژەی بەوەشکرد، "لە پێنج ملیارەوە کردوویانە بە 24 ملیار دینار و کوالیتییەکەیان خراپتر کردووە. کۆمپانیایەک کە هیچ ئەزموونی ئەم کارەی نییە، دەیەوێت لە ساڵێکدا 100 ملیار دینار بخاتە گیرفانییەوە و بە خەڵکی تریش دەیکات، ئەم کۆمپانیایە هەر خۆی ناچێت بۆ بەرێوەبەرایەتییەکان، کۆمپانیایەکی تری داناوە کە ناوی 'بارکۆ فارما'ـیە."

عەلی حەمە ساڵح دەڵێت: پشکنینی میز 134 هێندە زیادی کردووە، هەندێک پشکنینی شێرپەنجە هەیە 15-25 هەزار بووە بە باشترین کوالیتی، ئێستا نرخەکەی بووەتە 630 هەزار دینار. پشکنینی سیل، لە 28 هەزارەوە بووە بە 145 هەزار دینار، پشکنینی خوێن 10 هێندە زیادی کردووە. ئەمە ئەنجامی ووردی پشکنینەکانە کە دەرمانهێناوە. 

ئەوەشی خستەڕوو، "بە چی مافێک بە 10 ساڵ ئەمە دەدەیتە کۆمپانیایەک؟ یەکێک لە خاڵەکان دەڵێت، هەر پەتایەک روو بکاتە هەرێمی کوردستان، ئەم پێداویستی پزیشکی ئەو پەتایە دابین بکات، کەواتە تۆ ئیستا پاسێک دەدەیتە ئەم کۆمپانیایە کە بڕوات ڤایرۆسێک بێنێت و دواتر دژەکەی بهێنێت و بیدات بە خەڵک، لە کوێی دنیادا هەبووە ئەگەر پەتایەک 6 ساڵی تر رووبدات، تۆ لە ئێستادا گرێبەستت کردووە کە هیچ کێبڕکێیەک نەبێت. لە کوێی دنیادا هەبووە بڵێی کێبڕکێ نەما و کۆمپانیایەک دەبێت وەکالەتی 140 براندی هەبێت! نوسراوی وەزیری تەندروستی هەیە کە دەڵیت لەمەودوا ئیتر کێبڕکێ و کۆمپانیای دیکە نەما."

سەبارەت بەوەی لە سلێمانی حکومەت بەرپرسە یاخود حیزبێکی سیاسی، سەرۆکی رەوتی هەڵوێست دەڵێت: ئەگەر یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، خۆی شەریک نییە بۆ بێدەنگە؟ با بڵێت قبوڵی ناکەم و من ساڵی رابردوو نەمتوانیبێت پێنج ملیار دابین بکەم، ئەی چۆن ئەمساڵ دەتوانم 50 ملیار دابین بکەم؟"

ئاشکراشی کرد، بە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە بۆ 10 ساڵی داهاتوو وای لێدێت، "تاقیگە نامێنێت و ئەوکات بە خەڵک دەڵێن هەمووی ببەنە دەرەوە." 

باسی لەوەشکرد، "خودی دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی بەشێکە لەم پرۆسەیە، خۆی دەڵێت رەزامەندی سەرۆکی حکومەتم وەرگرتووە بۆ دوو سێ کۆمپانیا. جەختیش دەکاتەوە لەوەی، دەسەڵات بەرپرسە "چونکە لەم زۆنەدا ئەگەر لوتکەی دەسەڵاتت لە پشت نەبێت، هەر ناتوانی کاری لەو جۆرە بکەیت."

وتیشی دیراسەی یاسایی دۆخەکە دەکەن، بەڵام پێی وایە: "دادگا لێرە جورئەت ناکات دەست بەرێت بۆ وەزیر و سەرۆکی حکومەت، تەنها بۆ خەڵکی فەقیر ئازان."

سەبارەت بە پرسی دابەشکردنی مووچەی مانگی 12، عەلی حەمە ساڵح دەڵێت: بە نیاز نین مووچەی مانگی 12 دابەش بکەن، دەڵێن پارەکەی بەغدا کە ناردوویەتی بۆ مانگی 12، مووچەی مانگی 11ـی پێ دابەشدەکەین. حکومەتی هەرێم بڕیاربووە 25%ـی داهاتی ناوخۆ بنێرنەوە بۆ بەغدا، بەڵام ئەمان نەیان ناردووەتەوە. 


PM:12:43:06/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 920 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو