ئەمرۆ یادی 104 ساڵەی دامەزراندنی سوپای عیراقە


وێستگەنیوز_

ئەمڕۆ 104 ساڵ بەسەر دامەزراندنی سوپای عیراقدا تێدەپەڕێت و بەوهۆیەوە بڕیارە نمایشێکی سەربازی لە بەغداد بەرێوەبچێت.

ئەمرۆ دووشەممە 6ـی 1ـی 2025، یادی 104 ساڵەی دامەزراندنی سوپا دەکرێتەوە، سوپای عیراق کە ناوی دووەمی 'هێزە چەکدارەکانی کۆماری عیراقە'، لە ساڵی 1921ـدا لەژێر دەسەڵاتی شا فەیسەڵی یەکەمدا پێکهێندرا، لەئێستادا بەسەر پێنج لقی سەرەکیدا دابەش دەبن کە پێکدێت لە، هێزی زەمینی، دەریایی، ئاسمانی، فڕۆکەی سوپا و بەرگری ئاسمانی و چەند یەکەیەک.

سوپای عیراق بەشێوەیەکی گشتی سەر بە وەزارەتی بەرگرییە، جگە لە دەزگای دژەتیرۆر و حەشدی شەعبی کە لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراق، کە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانە سەرپەرشتی دەکرێن. 

بەشداری کردن لە سووپادا تاوەکو کودەتاکەیی ساڵی 1963ـی عیراق،ئارەزوومەندانە بوو، بەڵام دوای کودەتاکە سەربازی زۆرەملێ دەستیپێکرد و بوو بە ناچاری. دوای رووخانی رژێمەکەی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووی عێراق لە ساڵی 2003ـدا، دووبارە سیستمی خۆویستانە گەڕایەوە.

لە ساڵی 1921 لە سەردەمی دەسەڵاتی شا فەیسەڵی دووەمدا سوپای عیراق دامەزرێنرا، کە لە سەردەمی داگیرکاریی بەریتانیا بۆسەر عیراق یەکەم یەکەیان بە سەرکردایەتی سەردار جەعفەری وەزیری ئەوکاتی بەرگری درووست کرد و لە سەرەتادا بەتالیۆنی ئیمام 'مووسای کازم'ـیان درووست کرد.

لە سەرەتادا سوپا بارەگای خۆی لە بەغداد جێگیر کرد، یەکەم یەکەی پیادەی لە دیوانیە و دووەمی لە کەرکوک دانا.

یەکەم جەنگی سوپا دژی داگیرکارییەکانی بەریتانیا لە ساڵی 1941 دەستیپێکرد، کە بەدوایدا چەندین کودەتا و شەڕ دروستبوون.

سوپای عیراق رۆژ بە رۆژ ژمارەی رووی لە زیادبوون کرد و لەکاتی جەنگی عیراق و ئێراندا گەیشتە یەک ملیۆن سەرباز، کە لە هێزی ئاسمانیش پێکدەهات، دواتر لە ساڵی 1990ـدا لە پلەی چوارەمی جیهاندا بوو بۆ زۆری ژمارەی سەربازەکانی. بۆ ساڵی 2024ـیش لە پلەی ٢٨ـی جیهان و پێنجەمی وڵاتانی عەرەبیدا بووە.

سوپای عیراق رووبەڕووی چەندین شەڕ بووەتەوە، بەتایبەت لە دوای 2003ـوە شەڕی دژی تیرۆر و شەڕی دژ بە داعش یەکێکن لەو دوو پرسەی کە تاوەکو ئێستاش درێژەیان هەیە.

لە ئێستادا، سوپای عیراق لەلایەن چەندین وڵاتانەوە هاوکاری دەکرێت و چەکی پێدەدرێت، کە ئەمریکا، چین و رووسیا لە ریزبەندی پێشەوەدان.


AM:11:30:06/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 720 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو