كچێكی ئێزدی دوای 10 ساڵ له‌ ماته‌مینی، به‌ زیندوویی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
هه‌رچه‌نده‌ واده‌زانرا كه‌ له‌ هێرشێكی چه‌كدارانی‌ رێكخراوی‌ داعشدا بۆ سه‌ر گونده‌كه‌یان له‌ ساڵی 2014 دا كوژراوه‌، به‌ڵام كچێكی ئێزدی له‌ پارێزگای دهۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ خێزانه‌كه‌ی شاد بووه‌وه‌.

سیلڤانا خدر كچه‌كه‌ به‌ شه‌فه‌ق نیوزی وت:  "باوكم و برا گه‌وره‌كه‌م له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ كوژران، هیچ شتێكیش نازانین سه‌باره‌ت به‌ چاره‌نووسی دایكم و برا بچووكه‌كه‌م، ئه‌وان هێشتا بێسه‌روشوێنن".

خزمێكی ئه‌و كچه‌ به‌ناوی‌ ره‌عد ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت: "دوای گه‌ڕانێكی زۆری بێ سوود، خێزانه‌كه‌ باوه‌ڕی وابوو كه‌ له‌ژیاندا نه‌ماوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ له‌ گۆڕستانی كۆجۆ گۆڕێكی سیمبوولییان بۆ هه‌ڵكه‌ند".

گه‌ڕانه‌وه‌ی سیلڤانا هیوایه‌كه‌ بۆ ئه‌و ڕزگاربووانه‌ی ئێزدییه‌كان كه‌ هێشتا به‌ دوای خۆشه‌ویستانییاندا ده‌گه‌ڕێن، هه‌روه‌ها به‌ بیر هێنانه‌وه‌یه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو تراژیدیایه‌ی كه‌ چه‌ندین ساڵ جه‌نگ و تیرۆر له‌ عێراقدا دروستیكردوون.

گونده‌كه‌ی، كۆجۆ، یه‌كێك بوو له‌و ناوچانه‌ی ئێزدییه‌كان كه‌ له‌ ماوه‌ی هێرشه‌كه‌ی داعشدا له‌ ساڵی 2014 دا زیانێكی گه‌وره‌ی به‌ركه‌وت، له‌وێ كۆمه‌ڵكوژی و تاوانی دڕندانه‌ ئه‌نجام دران و بووه‌ هۆی ئاواره‌بوون و په‌رته‌وازه‌بوونی دانیشتوانه‌كه‌ی و له‌ ده‌ستدانی سه‌دان له‌ منداڵه‌كانییان.

ئێزدییه‌كان نزیكه‌ی 500,000 كه‌سن له‌ عێراقدا، له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ هێرشیان كرایه‌ سه‌ر كاتێك گروپه‌ تیرۆریستییه‌كه‌ خاكێكی به‌رفراوانی له‌ سوریا و عێراقدا كۆنتڕۆڵ كرد.

له‌ 3 ی مانگی هه‌شتی ساڵی 2014 دا چه‌كدارانی داعش كۆنتڕۆڵی شنگالییان كرد، به‌پێی ئاماره‌كان نزیكه‌ی 1,290 ئێزدی سڤیل كوژران، له‌و كاته‌شه‌وه‌ زیاتر له‌ 70 گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵ و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ گۆڕی تاكه‌كه‌سی له‌ شنگال دۆزراونه‌ته‌وه‌.


PM:10:19:05/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 1236 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت