ژماره‌ی‌ قوربانییانی‌ رووداوه‌كه‌ی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ گۆڕانكاری‌ به‌سه‌ردا هات


وێستگه‌نیوز-
هه‌رچه‌نده‌ هاتووچۆی‌ سلێمانی‌ رایگه‌یاند كه‌ له‌ رووداوێكی‌ هاتووچۆدا له‌ پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌، چوار كه‌س گیانیان له‌ده‌ست دا، به‌ڵام وته‌بێژی‌ هاتووچۆی‌ ئه‌و شاره‌ ده‌ڵێت: "سێ‌ كه‌س گیانیان له‌ده‌ست داوه‌".


ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ هاتووچۆی‌ سلێمانی‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی‌: "كه‌مێك پێش ئێستا له‌ سنووری‌ شاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌، رووداوێكی هاتووچۆ روویدا و چوار گیان له‌ده‌ستدانی لێكه‌وته‌وه‌".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ رووداوه‌كه‌ له‌جۆری پێكدادان له‌نێوان ئۆتۆمبێلێكی تاكسی و تراكتۆرێك له‌سه‌ر ڕێگای سیروان ـ هه‌ڵه‌بجه‌، نزیك بازگه‌ی زه‌مه‌قی ڕوویداوه‌.

لای‌ خۆیه‌وه‌ رائید ئاكام قوتبه‌دین وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ رایگه‌یاند كه‌ "به‌داخه‌وه‌ رووداوێكی هاتوچو له‌سه‌ر رێگه‌ی سیروان ـ هه‌ڵه‌بجه له‌نێوان ئۆتۆمبێلێك جۆری ئه‌لتیما تاكسی و تراكتور رویداوه‌".

رائید ئاكام قوتبه‌دین وتی: "به‌هۆی رووداوه‌كه‌وه‌ سێ سه‌رنشینی تاكسیه‌كه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ به‌ناوه‌كانی بێستون ئه‌حمه‌د حه‌مه‌ساڵح ته‌مه‌ن 51 ساڵ، په‌روین محه‌مه‌د قادر ته‌مه‌ن 62 ساڵ و ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د حسێن ته‌مه‌ن 80 ساڵ".

وتیشی‌: "شۆفێری تاكسیه‌كه‌ به‌ ناوی عه‌لی عه‌بدوڵا و شۆفیری تراكتۆر به‌ ناوی ئیبراهیم جه‌بار حسێن و سه‌رنشینێكی تاكسیه‌كه‌ به ناوی ستار جبار بریندارن".


بۆ بینینی ڤیدیۆ کلیک لێرە بکە:


PM:07:23:05/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 3392 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت