بەدواداچوونی وێستگەنیوز: داهاتی ناوخۆی ساڵی رابردوو هەرێمی کوردستان زیاتر لە چوار ترلیۆن دینار بووە
وێستگەنیوز-
بەپێی بەدواچوونێکی وێستگەنیوز، داهاتی ناوخۆیی ساڵی ڕابردووی هەرێمی کوردستان زیاتر لە چوار ترلیۆن دینار بووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تەنها نزیکەی 400 ملیار دیناری ئەو پارەیەمان بۆ بەغداد ناردووە.
بەپێی بەدواداچوونێکی وێستگەنیوز کە پشت بەستووە، بەو داتا و ژمارانەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بڵاویکردوەتەوە، داهاتی ناوخۆیی ساڵی رابردووی هەرێمی کوردستان زیاتر لە چوار ترلیۆن دینار بووە، وەک ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە رۆژی 23ـی ئازاری 2024، رایگەیاندبوو، "مانگانە نزیکەی 300 بۆ 350 ملیار دینار داهاتی ناوخۆمان هەیە کە نزیکەی 15٪ی داهاتەکە کاش نییە".
بەپێی ئەو ژمارانەی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان بڵاویکردوەتەوە، ساڵی 2024 خەرجی بەکاربردنی وەزارەتەکان مانگە 160 ملیار دینار و کۆی ساڵاکە نزیکەی دوو ترلیۆن دینار بووە و کۆی ئەو پارەیەش لە داهاتی ناوخۆ دابینکراوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی خەرجی بەکاربردنی وەزارەتەکانەوە رایگەیاندووە، "ئەو پارەیە بۆ ئەو خزمەتگوزارییانە تەرخانکراوە کە پێشکەشی هاوڵاتییان کراوە، وەک خزمەتگوزاری تەندروستی، پەروەردە، خوێندنی باڵا، کارەبا، پاکردنەوە، ئاو و هەموو ئەو سێکتەرانەی خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن".
هەربەپێی ژمارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری، ئەو پارانەی بەغداد بۆ دابەشکردنی مووچە ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کردووە کۆی پارەی مووچە نەبووە بۆیە بەناچاری لە داهاتی ناوخۆ کورتهێنانەکانی مووچە تا مانگی تشرینی یەکەم پڕکراونەتەوە.
داتاکانی وەزارەتەکە ئەوەیان دەرخستووە، ساڵی رابردوو 960 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ بۆ پڕکردنەوەی مووچەی ١٠ مانگی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران خەرجکراوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵی 2024 بڕیاریدا پابەندی ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی عێراق بێت کە ساڵی 2022 بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشیانی هەرێمی کوردستان دەریکردووە. بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی مانگانە ٦٠ ملیار دینار بۆ خەرجی مووچەکانیان زیادبووە و کۆی ئەو پارەیەش مانگانە لە داهاتی ناوخۆ پڕکراوەتەوە.
بڕیاری هاوتاکردنەکە لە مانگی تەمووزی 2024ەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەپێی ئەو ژمارانەی وەزارەتی دارایی کە وێستگەنیوز بەدواداچوونی بۆکردووون، کۆی پارەی تەرخانکراو بۆ پڕکردنەوەی ئەو زیادەیە 240 ملیار دینار بووە و لەگەڵ ئەو پارەیەی بۆ دابینکردنی مووچەی گرێبەستانی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا پڕکە گەیشتووەتە زیاتر لە 300 ملیار دینار.
بەپێی رێککەوتنی حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، دەبێت هەرێمی کوردستان نیوەی داهاتی ناوخۆ ڕادەستی حکومەتی عێراق بکات، بەڵام بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابوری ئەو ڕێککەوتنەکە لە مانگی ئایار کراوە بۆیە تەنها نیوەی داهاتی پێنج مانگیان ڕادەستی بەغداد کردووە کە بە گەشتی 399 ملیار و 168 ملیۆن و 961 هەزار دینار بووە.
ئەگەرچی بەشێکی بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتیی دارایی و ئابووری بەشێکی داهاتی ناوخۆ بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە تەرخانکراوە، بەڵام وەزارەتەکە هیچ وردەکارییەکی لەسەر ژمارە و کۆی خەرجی ئەو پڕۆژانە ئاشکرانەکردووە کە بە داهاتی ناوخۆ ئەنجامدراون.
ژمارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکەن، داهاتی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2024 زیاتر لە چوار ترلیۆن دینار بووە کە ژمارەکە نزیکە لەو بڕەی ساڵی 2023 دەستی هەرێمی کوردستان کەوتووە چونکە داهاتی نانەوتی لە شەش مانگی یەکەمی ئەو ساڵەدا دوو ترلیۆن و 74 ملیار دینار و 597 ملیۆن و 603 هەزار دینار بووە.
بەپێی ئەو ژمارانە بێت، بە تێکڕای داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان لە ساڵەکەدا زیاتر لە 4 ترلیۆن دینار بووە و سەرجەمیشی بۆ هەرێمی کوردستان بووە
PM:09:43:04/01/2025
ئهم بابهته 8252
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت