راوێژکارێکی دەمیرتاش بۆ وێستگەنیوز: شاندی ئیمراڵی لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش کۆدەبنەوە


وێستگه‌نیوز-
بڕیارە شاندی ئیمراڵی سه‌ردانی سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسەرۆكی پێشووتری پارتی دیموكراتی گەلان بكه‌ن و پرۆسه‌ی ئاشتی له‌گه‌ڵ تاووتوێ ده‌كه‌ن، ڕاوێژكارێكی ده‌میرتاش ده‌ڵێت، كاتی سه‌ردانه‌كه‌ دیاری نه‌كراوه‌.


زینار كه‌ره‌ڤیل راوێژكاری میدیایی سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆكی پێشووتری پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) به‌ وێستگه‌نیوزی وت كه‌ "بڕیاره‌ شانده‌كه‌ی ئیمراڵی دوای كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی توركیا، سه‌ردانی سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش بكه‌ن كه‌ له‌ زیندانی ئیدرنه‌ زیندانی كراوه‌".

سه‌باره‌ت به‌ كاتی سه‌ردانه‌كه‌، كه‌ره‌ڤیل رونیكرده‌وه‌، تا ئێستا كاتی سه‌ردانه‌كه‌ دیاری نه‌كراوه‌، به‌ڵام چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌مزوانه‌ ئه‌نجام بدرێت.

رۆژی 28ـی كانوونی یه‌كه‌می 2024، شاندی ده‌م پارتی و عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان، رێبه‌ری زیندانیكراوی په‌كه‌كه‌ رۆژی له‌ گرتووخانه‌ی ئیمراڵی كۆبوونه‌وه‌ و دواتر شانده‌كه‌ی ده‌م پارتی ڕایگه‌یاند، په‌یامه‌كه‌ی ئۆجالان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی توركیا تاووتوێ ده‌كه‌ین.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی میدیا نزیكه‌كانی "ده‌م پارتی"، وه‌فده‌كه‌ی ئیمرالی له‌گه‌ڵ ده‌یمرتاش گفتوگۆ له‌باره‌ی نامه‌ حه‌وت خاڵییه‌كه‌ی ئۆجه‌لان ده‌كه‌ن، كه‌ (29) مانگی رابردوو و رۆژێك دوای سه‌ردانی وه‌فده‌كه‌ی ده‌م پارتی بۆ ئیمرالی، ناوه‌رۆكه‌كه‌ی بۆ رای گشتی بڵاوكرایه‌وه‌.

سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش كه‌ نزیكه‌ی 9 ساڵه‌ له‌ زیندانه‌، تا ئێستا هیچ هه‌ڵوێستێكی فه‌رمی له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌كانی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ئاشتی له‌ توركیا و باكوری كوردستان ده‌رنه‌بڕیووه‌.

سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆكی پێشووتری پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌)، له‌ رۆژی 4ـی كانوونی یه‌كه‌می 2016 له‌سه‌ر دۆسیه‌ی كۆبانی ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌ و سزای 44 ساڵ زیندانیكردنی به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌.

ده‌میرتاش، نزیكه‌ی 9 ساڵی سزاكه‌ی ته‌واوكردووه‌ و 33 ساڵ سزای ماوه‌ و ده‌بێت له‌ زیندانی ئیدرنه‌ به‌سه‌ری ببات.

تا ئێستا پرسی ئازادكردنی زیندانیانی سیاسی ده‌م پارتی له‌ناویاندا سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش باس نه‌كراوه‌.


PM:12:22:04/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 1664 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت