نرخی كاره‌بای موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان بۆ مانگی 12 دیاریكرا


وێستگه‌نیوز-

لیژنه‌ی دیاریكردنی نرخی موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان نرخی كاره‌بای موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كانی بۆ مانگی 12 له‌ سلێمانی‌ دیاریكرد كه‌ له‌ نێوان (14.000) بۆ (15.000) دیناره‌.

ئه‌مڕۆ شه‌‌ممه‌ 2025/1/4 لیژنه‌ی دیاریكردنی نرخی موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان كۆبووه‌وه‌ و بڕیاری‌ دا به‌پێی نرخی سوته‌مه‌نی له‌ بازاڕه‌كاندا نرخی هه‌ر كاتژمێرێك كاره‌بای موه‌لیده‌ بۆ یه‌ك ئه‌مپێر (43) دینار بێت،‌ به‌مه‌ش نرخی یه‌ك ئه‌مپێر كاره‌بای موه‌لیده‌ی ئه‌هلی گه‌ڕه‌كه‌كان له‌ ناوشاری سلێمانی له‌نێوان (14.000) بۆ (15.000) دیناره‌.

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "به‌و پێیه‌ی موه‌لیده‌كان له‌ نێوان (335 بۆ 350) كاتژمێر كاریان كردوه‌، به‌هۆی جیاوازی كاركردنیان نرخی ئه‌مپێرێك له‌ گه‌ڕه‌كێك بۆ گه‌ڕه‌كێكی دیكه‌ جیاواز ده‌بێت".

ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ "سه‌باره‌ت به‌و موه‌لیدانه‌ی كه‌ به‌رنامه‌ی كاركردنیان له‌سه‌ر داوای هاوڵاتیان له‌ شوێنه‌كانی تر زیاتره‌ و له‌ 7ی به‌یانی بۆ 1ی شه‌و كارده‌كه‌ن نرخی ئه‌مپێرێك له‌ نێوان 18 بۆ 19 هه‌زار دیناره‌".

ئاشكراشیكرد كه‌ خشته‌ی كارپێكردنی موه‌لیده‌شی‌ بۆ مانگی كانوونی دووه‌م ده‌گۆڕدرێت و به‌مشێوه‌یه‌ ده‌بێت:

رۆژانه‌ له‌كاتژمێر 12ی نیوه‌ڕۆ تا 1ی شه‌و كارده‌كه‌ن.

 كاتژمێر 1ی شه‌و ده‌كوژێته‌وه‌ تا 6.30 ی به‌یانی.

 كاتژمێر6.30ی به‌یانی تا 8ی به‌یانی كارده‌كه‌ن.

 بۆ ئه‌م مانگه‌ رۆژانی هه‌ینی و شه‌ممه‌ش موه‌لیده‌كان به‌یانیان كارده‌كه‌ن.

به‌رنامه‌كه‌ش له‌ سبه‌ینێ یه‌كشه‌ممه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت.

لیژنه‌ی دیاریكردنی نرخی موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان، جه‌ختیان له‌وه‌كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌كاتی كوژاندنه‌وه‌ی كاره‌بای نیشتیمانی نابێت كارپێكردنی موه‌لیده‌ و پێدانی كاره‌با به‌هاوڵاتیان له‌ (5) خوله‌ك زیاتر بخایه‌نێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ خاوه‌ن موه‌لیده‌كه‌ سزاده‌درێت.


AM:11:58:04/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 6652 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت