میدیای ئیسرائیل: وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ سه‌ركرده‌یه‌كی‌ كورده‌وه‌ كرد


وێستگه‌نیوز-
میدیا ئیسرائیلییه‌كان به‌ پشتبه‌ستن به‌ به‌رپرسانی ئیسرائیل بڵاویان كرده‌وه‌ كه‌ گدعۆن ساعر، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل په‌یوه‌ندییه‌كی‌ ته‌له‌فۆنی‌ له‌گه‌ل ئیلهام ئه‌حمه‌د، هاوسه‌رۆكی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی دیموكراتی رۆژائاوا و باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سوریا ئه‌نجام دا.


رۆژنامه‌ی "ئیسرائیل هوم"ی ئیسرائیلی به‌ پشتبه‌ستن به‌ به‌رپرسانی ئیسرائیل رایگه‌یاند كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی ناوازه‌ له‌ نێوان گدعۆن ساعر، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل و ئێلهام ئه‌حمه‌د، هاوسه‌رۆكی به‌شی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی دیموكراتیكی ڕۆژئاوا و باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی سوریا ئه‌نجامدراوه‌.

به پێی ڕۆژنامه‌كه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌لفۆنییه‌كه‌دا باس له پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه كراوه‌. ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ ئیلهام ئه‌حمه‌د سه‌باره‌ت به‌ پێشێلكردنی مافه‌كان و كوشتنی هه‌ڕه‌مه‌كی و ده‌ستبه‌سه‌ركردنی كوردان له‌لایه‌ن گروپه‌ چه‌كداره‌كانی سوریاوه‌ زانیاری وردی به‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئیسرائیل گه‌یاندووه‌.

رۆژنامه‌ ئیسرائیلیه‌كه‌ رایگه‌یاندووه‌ كه‌ گدعۆن ساعر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل له‌ په‌یوه‌ندییه‌كه‌دا ڕایگه‌یاندووه‌؛ له‌ هه‌موو دیداره‌ دیپلۆماسییه‌كانی له‌گه‌ڵ هاوتاكانی له‌ گۆڕه‌پانی نێوده‌وڵه‌تیدا گرنگییه‌كی‌ زۆری‌ به‌ پرسی‌ كورد داوه‌ و نیگه‌رانیه‌كانی خۆی سه‌باره‌ت به‌ دۆخی گه‌لی كورد له‌ رۆژئاوا ده‌ربڕیوه‌.

چوارشه‌ممه‌ی‌ رابردوو گدعۆن ساعر، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل هۆشداریی له‌ به‌رپرسانی‌ ئیداره‌ی نوێی سوریا دا و له‌ چاوپێكه‌وتنێكی رادیۆییدا وتی‌: "كۆمه‌ڵێك جیهادی توندڕه‌ون كه‌ له‌ ئیدلیبه‌وه‌ به‌ ئاسانی‌ روویان له‌ دیمه‌شق كرد".

هاوكات نیگه‌رانی خۆی له‌ دۆخی كه‌مینه‌كان به‌تایبه‌ت كورد ده‌ربڕی و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ ئیسرائیل له‌ رێگه‌ی كه‌ناڵه‌ دیپلۆماتییه‌كانه‌وه‌ كار بۆ پاراستنی ئۆتۆنۆمی كورد له‌ باكوری سوریا ده‌كات.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل وتی: "توركیا به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ردۆغان، هێڵێكی دوژمنكارانه‌ و ئیستفزازی به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل نیشان ده‌دات".

گدعۆن ساعر جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ له‌م قۆناغه‌دا ئیسرائیل هیچ نیازێكی نییه‌ بۆ هه‌نگاونان دژی‌ ئه‌نقه‌ره‌.


AM:09:02:04/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 7440 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت