وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: 243 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشکراوە


وێستگەنیوز-

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان رایدەگەیەنێت، تاوەکو ئێستا 243 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بە سەر زیاتر لە ملیۆنێک و 215 هەزار خێزان دابەش كردووە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی کانونی دووەمی 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بۆ زستانی ئەمساڵ و لە ماوەیەكی كەمدا بە نرخێكی پاڵپشتیكراو توانیوێتی تا رۆژی 31/12/2024 زیاتر لە (243) ملیۆن لیتر نەوتی سپی بە سەر زیاتر لە 1 ملیۆن 215 هەزار خێزان دابەش بكات دەکاتە رێژەی لە 86% کۆی نەوتی دابەشکراو. تەنیا 127,808 خێزان ماون نەوتییان وەرنەگرتووە".

ئاماژە بەوەکراوە، "ئەم دابەشكردنە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی گرتووەتەوە، بە ڕادەیەك دابەشكردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەكان تەواو بووە".

دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر خێزانەكاندا بەم شێوەیە بووە:

- هەولێر 400,398 خێزان كە دەكاتە لە 96,5%.
- سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەرین 463,869 خێزان، دەكاتە 89,5%.
- دهۆك 194,763 خێزان، دەكاتە لە 86,5%.
- هەڵەبجە 21,890 خێزان، دەكاتە لە 71%.
- ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 87,638 خێزان دەكاتە لە 99%
- ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 47,187 خێزان، دەكاتە لە 72,5%.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستانی ئاگاداردەکاتەوە کە تاوەکو ئێستا پشكی هەرێمی كوردستان لە نەوتی پاڵپشتیكراوی وەزارەتی نەوتی عێراق نەگەیشتووە، وێڕای ئەوەی بڕیارە بڕە نەوتێك كە زۆر كەمترە لە پشكی هەرێمی كوردستان و تەنها بەشی 19% پێویستیی خێزانەکانی هەرێمی کوردستانە، چاوەڕوان دەكرێت بە چەند كاروانێك بڕە نەوتێكی سپی بگاتە هەرێمی كوردستان و لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەوت و کانزاکان بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان لە هەرێمی کوردستان دەست بە دابەشکردنی بکرێت.




PM:05:03:02/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 8340 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت