سەنتەری میترۆ: داخستنی ناوەندی رێكخراوەیی و میدیایی بڕیارێكی سیاسییە بە فشاری دەرەكی


وێستگەنیوز_

سەنتەری میترۆ لە بارەی داخستنی کۆمپانیای گزنگی نوێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، داخستنی هەندێ ناوەندی رێكخراوەیی و میدیایی پەیوەندی بە فشاری دەرەكییەوە هەیە، بڕیارەكە سیاسییە نەك یاسایی و ئێمە بە توندی سەركۆنەی دەكەین.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ی کانوونی دووەمی 2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە لایەن ئۆفیسی سەنتەری میترۆ لە شاری سلێمانی رێکخرابوو، لە بارەی داخستنی كۆمپانیای گزنگی نوێ رایگەیاند، "رۆژی سێشەممە 31ی كانوونی یەكەمی 2024، هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی چەندین ناوەندی كلتووری، رێكخراو و میدیاییان داخستووە بەبێ ئەوەی هیچ بڕیارێكی دادگەیان پێبێت، ئاسایشی سلێمانیش دەڵێت بڕیارەكە لەژێر رۆشنایی بڕیاری ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق بووە."

لەم بارەیەشەوە، دیاری محەممەد،بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، "داخستنی هەندێ ناوەندی رێكخراوەیی و میدیایی پەیوەندی بە فشاری دەرەكییەوە هەیە، بڕیارەكە سیاسییە بەڵام بەرگی یاسای لەبەركراوە و ئێمە بە توندی سەركۆنەی دەكەین.

راشیگەیاند، "گەر بڕیاری داخستنەكە پەیوەندی بە بڕیاری دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە هەیە، كە چەند پارتێكی سیاسی بە بیانوی نزیكییان لە پارتی كرێكارانەوە، هەر ناڕەواەیە چونكە ئەم كۆمپانیا و ناوەندانەی داخراون كە كۆمپانیای مۆڵەتپێدراون و دوورن لە كاری حزبی"، وتیشی، " دەبێت ئەم كردەوەیە رۆحی هاوپشتی نێوان دەزگاكانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسان فراوانتر بكات و هەمووان فشاربكەن بە ئاراستەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكە."

ئاماژەی بەوەشکرد، "لەژێر رۆشنایی بڕیارەكە، ناوەندەكانی بزووتنەوەی ژنانی ئازاد، كۆمپانیای نوێگەر و مەرزیە، كۆمپانیای گزنگ كە بۆ ژن تیڤی كاردەكات، داخراون."

پەیوەست بەم بابەتە، تەوار عادل، بەڕێوەبەری كۆمپانیای گزنگی بەرەبەیان لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند و وتی، "كۆمپانیاكەمان لە 26ی كانوونی یەكەمی 2017 وە لە كۆمپانیا خۆماڵییەكانی سەر بە وەزارەتی پیشەسازی هەرێمی كوردستان تۆمار كراوە، لە مانگی ئایاری ساڵی 2024 مۆڵەتەکەمان نوێ كردۆتەوە."

جەختی لەوەشکردەوە، " كۆمپانیاكەمان بۆ بەرهەمهێنانی میدیایەوگرێبەستی كاركردنی لەگەڵ ژن تیڤی هەیە و بەرنامەو پرۆگرامی بۆ ئامادە دەكات."

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە، 1ی کانوونی یەکەمی 2025،كۆمپانیای گزنگی بەربەیان راگەیێندراویكی بڵاوكردەوە و وتی، "رۆژی 31ی كانوونی یەكەمی 2024، كە کۆتا رۆژی ساڵ بوو، لە چوارچێوەی بڕیارێكدا كە حكومەتی ناوەندیی عێراق، حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەزگای ئاسایشی هەرێمی سلێمانی تێیدا بەشدارن، بەبێ بوون و پیشاندانی نووسراوێكی فەرمی و ئاگاداركردنەوە، بڕیاری داخستنی كۆمپانیای گزنگی بەربەیانیدا."


PM:01:15:02/01/2025














ئه‌م بابه‌ته 9160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت