جه‌میل بایك: پاش سوریا نۆره‌ی عێراقه‌


وێستگه‌نیوز-
هاوسه‌رۆكی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری كۆما جڤاكێن كوردستان (كه‌جه‌كه‌) رایگه‌یاند، عێراق زۆرترین كاریگه‌ریی پێشهات و رووداوه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی له‌سه‌ره‌، ده‌شڵێت "پاش سوریا، نۆره‌ی عێراقه‌".

 
جه‌میل بایك، هاوسه‌رۆكی كه‌جه‌كه‌ له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی‌ فوڕات، وتی‌: "عێراق یه‌كێكه‌ له‌و شوێنانه‌ی زۆرترین كاریگه‌ری رووداو و پێشهاته‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی‌ و زۆرترین كاریگه‌ری ره‌وشی نوێی سوریای له‌سه‌ره‌".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "ئێران له‌مێژه‌ بووه‌ته‌ ئامانجی پلانه‌كانی ئه‌مریكا، به‌ریتانیا و ئیسرائیل. پلانه‌كه‌ وایه‌ به‌ شكاندنی هێزی ئێران رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست دووباره‌ دیزاین بكه‌نه‌وه‌".

باسی‌ له‌وه‌شكرد كه‌ "له‌ هێرشه‌كانی سه‌ر حه‌ماسه‌وه‌ تا رووخاندنی ڕژێمی سوریا، ئامانجی سه‌ره‌كی هه‌موو هێرشه‌كان ئێرانه‌. سه‌ره‌تا له‌ غه‌ززه‌، پاشان لوبنان، ئێستا له‌ سوریا هێزی ئێران شكێنرا. به‌ ڕه‌چاوكردنی هێز و كاریگه‌ریی ئێران له‌سه‌ر عێراق، ده‌توانین پێشبینی ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ پاش سوریا نۆره‌ی عێراقه‌. ئه‌م گریمانه‌یه‌ زۆره‌. له‌م ڕووه‌وه‌، ڕه‌وش و ئاینده‌ عێراق ته‌واو ناڕوونه‌".


ده‌شڵێت: "كێشه‌كانی عێراق به‌ ته‌واوی چاره‌سه‌ر نه‌كراون، له‌وانه‌ ده‌ستوور چاره‌سه‌ری هه‌موو كێشه‌كانی نه‌كرد، ئه‌مه‌ش رێگه‌ی بۆ ده‌ستوه‌ردانی توركیا و ئێران خۆشكرد".
ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "ئێران لە ڕێگەی شیعەکانەوە، دەوڵەتی تورکیاش لە ڕێگەی پارتی‌ و سوونەکانەوە هەوڵیدا کاریگەری لەسەر عێراق دانێت".

ناوبراو پێیوایه‌ كه‌ "چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌به‌رانبه‌ر عێراق، نزیكایه‌تییه‌ك پێشبخرێت و كاریگه‌رییه‌كانی ئێران بشكێنرێت. ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌رییه‌كی له‌م شێوه‌یه‌ دروستببێت، دیسان هاوسه‌نگییه‌كان له‌ عێراق بگۆڕن. ره‌نگه‌ دابه‌شبوونی عێراقیش بكه‌وێته‌وه‌ رۆژه‌ڤه‌وه‌".
 
جه‌میل بایك به‌ دووری ده‌زانێت ئه‌وه‌ی له‌ سوریا روویدا، ئێران قبووڵی بكات كه‌ له‌ عێراق رووبدات، ده‌ڵێت: "عێراق له‌م رووه‌وه‌ بۆ ئێران وه‌كو كۆتا قه‌ڵایه‌تی له‌ ده‌ره‌وه‌. جگه‌ له‌مه‌ش راسته‌وخۆ شه‌ڕ ده‌ربازی ئێران ده‌بێت. بۆیه‌ ره‌نگه‌ كاردانه‌وه‌ی تووندی ئێران هه‌بێت. ئه‌مه‌ش گریمانه‌ی دابه‌شبوونی ئێران زیاد ده‌كات".
 
هاوسه‌رۆكی كه‌جه‌كه‌ هۆشداری نزیكبوونه‌وه‌ی عێراق له‌ توركیا ده‌دات و راشیگه‌یاند كه‌ "ده‌بێت عێراق په‌ند له‌ دۆخی سوریا وه‌ربگرێت. به‌ هاوكاریی ئه‌ردۆغان رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د هه‌ڵوه‌شێندرایه‌وه‌. ئێستا ده‌یه‌وێت ئیداره‌ی دیمه‌شق وه‌ك ویلایه‌تێكی خۆی به‌ڕێوه‌به‌رێت. كاتێك به‌یانی بڕیارێكی له‌م شێوه‌یه‌ به‌رانبه‌ر عێراق بدرێت، ده‌توانرێت لێره‌ش ده‌وڵه‌تی تورك به‌شدار ببێت. به‌ هاوكاریی ته‌یب ئه‌ردۆغان، عێراق دابه‌ش بكه‌ن، یان بیخه‌نه‌ دۆخێكی هاوشێوه‌ی دیمه‌شق. له‌ دۆخێكی وادا ئه‌و ئیداره‌یه‌ی له‌ به‌غدا هه‌یه‌، له‌ ویلایه‌تێك زیاتر هیچ هێز و ده‌سه‌ڵاتێكی نییه‌. به‌ڕاستی سه‌یره‌ ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ لایه‌ن عێراقییه‌كانه‌وه‌ نابیندرێت".




PM:06:57:01/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 6040 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت