بافڵ‌ تاڵه‌بانی‌: حكومه‌تێكی خزمه‌تگوزاری دادپه‌روه‌ر پێكبهێنین كه‌ مافه‌كانی خه‌ڵك ده‌سته‌به‌ر بكات


وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆكی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ حكومه‌تێكی خزمه‌تگوزاری دادپه‌روه‌ر پێكبێت كه‌ مافه‌كانی خه‌ڵك ده‌سته‌به‌ر بكات، ده‌شڵێت: "به‌ یه‌كڕیزیمان كوردستانمان به‌هێزتر ده‌كه‌ین و داهاتوویه‌كی گه‌شتر مسۆگه‌ر ده‌كه‌ین".


بافڵ‌ تاڵه‌بانی‌ سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان سه‌ری ساڵی نوێی زاینی له‌ سه‌رجه‌م هاوڵاتییانی كوردستان، عیراق و جیهان پیرۆزده‌كات و هیواداره‌ ساڵێكی پر له‌ ئاشتی، ئارامی و سه‌قامگیری بێت بۆ هه‌موولایه‌ك".

سه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ له‌ په‌یامێكدا نووسیویه‌تی‌: "هیوادارم هه‌موومان له‌ ساڵی نوێدا به‌ رۆحێكی نیشتمانی و به‌رپرسیارانه‌وه‌ كار بۆ به‌هێزتركردنی كوردستان، ئاوه‌دانی و پێشكه‌وتنی زیاتر بكه‌ین. حكومه‌تێكی خزمه‌تگوزاری دادپه‌روه‌ر پێكبهێنین كه‌ پارێزگاری له‌ ژیانی خه‌ڵك بكات و مافه‌كانیان ده‌سته‌به‌ر بكات، هه‌وڵه‌كانی بۆ به‌دیهێنانی ژیانێكی شه‌ره‌فمه‌ندانه‌ و سه‌ره‌به‌رزانه‌تر بێت بۆ خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی كوردستان".

بافڵ‌ تاڵه‌بانی‌ ده‌ڵێت: "یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشوازی له‌ هه‌موو ئه‌و هه‌وڵ و پێشنیارانه‌ ده‌كات كه‌ ئامانجه‌كه‌ی چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ی كێشه‌كان و كۆتاییهێنان بێت به‌ ناكۆكییه‌كان، به‌تایبه‌ت كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێكی ئه‌رێنیی یه‌كجاره‌كی".

ده‌شڵێت: "پرسی كورد له‌ رۆژئاوای كوردستان و سووریا كه‌ له‌ قۆناغێكی مێژووییدایه‌، پێویستی به‌ هه‌وڵ و پشتیوانیی هه‌موولایه‌كمانه‌ و ده‌بێت به‌رپرسانه‌ و هۆشیارانه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ین".

سه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "‏‎با هه‌موومان پێكه‌وه‌ ساڵی نوێ بكه‌ینه‌ ساڵی ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیان، چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ری و سه‌روه‌ریی یاسا. به‌ یه‌كده‌نگی و یه‌كڕیزیمان كوردستانمان به‌هێزتر ده‌كه‌ین و داهاتوویه‌كی گه‌شتر مسۆگه‌ر ده‌كه‌ین، ئه‌مه‌ به‌رپرسیارێتییه‌كی مێژووییه‌ و له‌ ئه‌ستۆی هه‌موولایه‌كمانه‌."


PM:06:12:31/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 4920 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو