8 رێنمایی بۆ ئاهه‌نگه‌كانی شه‌وی سه‌ری ساڵ ده‌ركرا


وێستگه‌نیوز-
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی به‌رگریی شارستانیی هه‌رێمی كوردستان، چه‌ند رێنمایییه‌كی بۆ ئاهه‌نگه‌كانی شه‌وی سه‌ری ساڵ بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ سه‌رجه‌میان تایبه‌تن به‌ به‌كارهێنانی یاری ئاگرین، هۆشدارییش ده‌دات له‌ كه‌وتنه‌وه‌ی رووداوی هاوشێوه‌ی هۆڵی ئاهه‌نگگێڕانه‌كه‌ی قه‌زای حه‌مدانیه‌.

 ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، 30ی كانوونی یه‌كه‌می 2024، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی به‌رگری شارستانیی هه‌رێمی كوردستان، هه‌شت رێنمایی بۆ به‌ڕێوه‌چوونی ئاهه‌نگه‌كانی سه‌ری ساڵ بڵاوكرده‌وه‌ و ده‌ڵێت: "بۆ ئه‌وه‌ی هاونیشتمانیان شه‌وێكی ئارام و دوور له‌كاره‌سات به‌سه‌ربه‌رن؛ ده‌بێت ئه‌و شوێنانه‌ی ئاماده‌كارییان بۆ ئاهه‌نگگێڕان كردووه‌؛ دڵنیابن له‌ بوونی مه‌رجه‌كانی به‌رگریی شارستانی".

  به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ داواشی كردووه‌ له‌هه‌ر بارودۆخێكی نه‌خوازراو به‌زووترین كات په‌یوه‌ندی به‌ ژماره‌ 115 بكه‌ن تاوه‌كو تیمه‌كانیان بگه‌نه‌ شوێنی مه‌به‌ست.
 
ئه‌مه‌ش رێنماییه‌كانی به‌رگری شارستانیی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئاهه‌نگه‌كانی شه‌وی سه‌ری ساڵ:
 
1- نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك منداڵان یاریی ئاگرین به‌كاربهێنن.

2- له‌ناو ئۆتۆمبیل و له‌كاتی لێخوڕین به‌كارهێنانی یاریی ئاگرین مه‌ترسیداره‌.

3- نابێت یاریی ئاگرین له‌ نزیك باڵه‌خانه‌، دار و هه‌ر ماده‌یه‌كی خێرا گڕگرتوو به‌كاربهێنرێت، چونكه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئاگركه‌وتنه‌وه‌.

4- به‌هیچ شێوه‌یه‌ك یاریی ئاگرین له‌ شوێنی داخراو به‌كارنه‌هێنرێت.

5- نابێت یاریی ئاگرین له‌ ژێر ته‌له‌كانی كاره‌با به‌كاربهێنرێت و مه‌ترسیداره‌ .

6- له‌ نزیك تانكی نه‌وت و به‌نزینخانه‌كان به‌كارهێنانی یاریی ئاگرین كاره‌ساتی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

7- به‌كارهێنانی یاریی ئاگرین له‌ نزیك موه‌لیده‌كان مه‌ترسیداره‌، به‌هۆی بوونی تانكی گاز و ته‌لی كاره‌با.

8- ئه‌و شوێنانه‌ی ئاماده‌كارییان بۆ ئاهه‌نگگێڕان كردووه‌، دڵنیابن له‌ بوونی مه‌رجه‌كانی به‌رگریی شارستانی، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ كاره‌ساتی هاوشێوه‌ی هۆڵه‌كه‌ی موسڵ رووده‌دات.
 
شه‌وی 26ـی ئه‌یلولی 2023، بنمیچی هۆڵێكی بۆنه‌كانی قه‌زای حه‌مدانیه‌ی سه‌ر به‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌ناوی هۆڵی هه‌یسه‌م گڕی گرت و به‌وهۆیه‌وه‌ 127 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و زیاتر له‌ 150 كه‌سیش برینداربوون.


PM:09:17:30/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 2756 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت