18 ساڵ بەسەر لە سێدارەدانی سەدام حوسێندا تێپەڕدەبێت
وێستگەنیوز_
ئەمڕۆ 18 ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووی کۆماری عێراق تێپەڕی.
سەدام حسێن مەجید، چوارەم سەرۆک کۆماری عێراق و ئەو دیکتاتۆرەی لەپاڵ چەندین سەرۆکی دیکتاتۆری دیکەدا چەندین تاوانی دژ بە کورد ئەنجامدا، کە هێشتا کاریگەریی تاوان و کارەکانی لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان و دەروونی ئەو کەسانەدا ماوە کە ئەگەر بۆ ساتێکیش بێت ماوەی حوکمی ئەویان بینیوە.
سەدام حسێن لە 28ـی نیسانی ساڵی 1937 لە گوندی عۆجە'ـی سەر بە تكریت لەدایك بووە، خانەوادەكەی سەرقاڵی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری بوون و سێ زڕبرای هەبووە بەناوەكانی بەرزان و وەتبان و سەبعاوی، هەر سێ براکەی لەسەردەمی دەسەڵاتی سەدامدا پۆستی باڵایان هەبووە.
سەدام ساڵی 1957 پەیوەندی بە ریزەكانی حزبی بەعسەوە كردووە و لە 7ـی تشرینی یەكەمی ساڵی 1959ـدا بەشداری لە پیلانی تیرۆركردنی عەبدولكەریم قاسمدا کردووە، بەڵام پیلانەكە شكستی هێنا و سەدامیش بە سووكی بریندار بوو و دواتر بەرەو سووریا هەڵهات.
لە ساڵی 1963 لەگەڵ ساجیدەی كچی خاڵی هاوسەرگیری دەكات، هەر لەو ساڵەشدا بەعسییەكان كودەتا بەسەر عەبدولكەریم قاسمدا دەكەن و دەسەڵات دەگرنە دەست، ئەحمەد حەسەن بەكریش، دەبێتە سەرۆك وەزیران و عەبدولسەلام عارفیش دەبێتە یەكەم سەرۆك كۆماری عیراق، عەبدولسەلام عارف سەرەڕای ئەوەی یەکەم سەرۆک کۆمارە، بەڵام دووەم سەرۆکی عیراقە لەدوای سیستمی پاشایەتییەوە، چونکە بەر لەو عەبدولەکریم عارف کە پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقی هەبوو، لەدوای سیستمی پاشایەتییەوە یەکەم سەرۆکی عیراق بوو.
دوای ئەوەی لە 13ـی نیسانی ساڵی 1966 بەهۆی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكەی، عەبدولسەلام عارف گیانی لەدەست دا، عەبدولڕەحمان عارفی برای بووە سەرۆككۆمار، بەڵام دوو ساڵ دواتر و لە 17ـی تەمموزی ساڵی 1968 جارێكی تر بەعسییەكان بە كودەتا عەبدولڕەحمان عارفیان لەسەر كار لابرد و سەدام یەكێك بوو لە بەشداربووانی ئەو كودەتایە، کە دوای کودەتاکە ئەحمەد حەسەن بەكر بووە سەرۆک كۆمار و سەدامیش بووە لێپرسراوی ئاسایشی نەتەوەیی، دواتریش لە ساڵی 1969ـدا بووە جێگری سەرۆک كۆمار.
لە ساڵی 1975 بە مەبەستی لاوازكردنی شۆڕشی كورد، سەدام حوسێن پەیماننامەی جەزائیری لەگەڵ شای ئێران ئیمزا كرد و لە ساڵی 1979ـشدا ئەحمەد حەسەن بەكری ناچار كرد دەست لەكار بكێشێتەوە، بەوەش خۆی بووە چوارەم سەرۆك كۆماری عیراق.
لە هەمان ساڵ بە دواوە كە شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران سەركەوتوو بوو و لە ترسی پەڕینەوەی ئەو شۆڕشە بۆ عیراق، رێككەوتنی 1975ـنێوان هەردوو وڵاتی هەڵوەشاندەوە و لە مانگی ئەیلولی ساڵی 1980ـدا جەنگی لە دژی ئێران بەرپا كرد، كە ماوەی هەشت ساڵی خایاند.
کورد لەژێر دەسەڵاتی حزبی بەعسدا چەندین نەهامەتی بینی، بە هەزاران شێوەی حزبی بەعس هەوڵی لەناوبردنی کوردی دەدا و خاک و ئاوی تێکدەدان، گوندەکانی خاپوور دەکرد و ناوچە کوردییەکانی تەعریب دەکرد، لە سەردەمی سەدامدا بە پلان لەناوبردنی کوردیان دەستپێکرد، کە هەڵمەتەکانی ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە یەکێک بوون لەوان.
لە ئازاری ساڵی 1988ـدا، حزبی بەعس بە سەرۆکایەتی سەدام حوسێن پلانی کیماییبارانکردنی هەڵەبجەی دەستپێکرد، کە بەهۆیەوە زیاتر لە پێنج هەزار شەهید لە منداڵ و ژن و پیاو، لە هەموو تەمەنەکاندا شەهید بوون، جگە لەوەی سەدان منداڵ ونبوون.
لە هەمان ساڵدا شاڵاوەکانی ئەنفالی بە شەش قۆناغ دژ بە کورد جێبەجێ کرا، کە تیایدا 182 هەزار کوردی بێ تاوانی دانیشتووی ناوچە جیاوازەکان زیندەبەچاڵ کران و بە هەزاران کەس و کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێنن کران. تەنانەت لە هەفتەی رابردوودا، بە ئامادەبوونی خانمی یەکەمی عێراق، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد؛ گۆڕێکی نوێی بەکۆمەڵ لە ناوچەی ناوچەی تەل شێخ، سەر بە قەزای سەلمان لە پارێزگای سەماوە دۆزرایەوە. ئەمە و سەدان گۆڕی بەکۆمەڵی دیکەی هاوڵاتی مەدەنی ئەم نیشتیمانە.
لە 2ـی 8ـی 1990ـدا سەدام حسێن بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی لە ناوچەكە هێرشی كردە سەر كوەیت و داگیری كرد، بەڵام هەر زوو هاوپەیمانییەكی سەربازیی نێودەوڵەتیی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا پێكهێنرا و لە بەرەبەیانی 17ـی 1ـی 1991ـدا لە جەنگی دووەمی كەنداو كە بە گەردەلولی بیابان ناسرا، سەدام و سوپاكەی ناچاركران لە كوەیت بكشێنەوە و ئەو جەنگەش زیانی زۆری بە عیراق گەیاند.
پاشان بەهۆی راپەڕینی گەلی کوردەوە، لە ساڵی 1991، پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ئازادکران و ساڵێک دواتر و لە 1992ـدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان دامەزرا.
ساڵی 2003 دواین ساڵی دەسەڵاتی سەدام بوو كە ئەمریكا بە سەرۆكایەتی هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتی هێرشیكردە سەر بەغدا و كۆتایی بە رژێمی بەعس هێنا.
دواتر هێزەكانی ئەمریكا گەڕانی بەدوای سەدام و دارودەستەكەیدا دەستپێكرد و لە رۆژی 13ـی كانونی یەكەمی 2003، لە ئۆپراسیۆنێكدا هێزێكی تایبەتی مارێنزی ئەمریكا سەدام حوسێنیان لە شارۆچكەی دۆری سەر بە تكریت لەناو چاڵێكدا دۆزییەوە و دەستگیریان کرد.
دوای دادگایی كردنیشی لەسەر هەموو ئەو هەموو تاوان و كارە نامرۆڤانەی دژ بەگەلانی عیراق و گەلی كورد ئەنجامی دابوو، بەتایبەتیش لەسەر دۆسیەی كۆمەڵكوژی دوجەیل، دادگای باڵای تاوانەكانی عیراق بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەركرد.
بڕیاری لەسێدارەدانەکەی لە رۆژی 30ـی 12ـی 2006 لە بەرەبەیانی یەكەم رۆژی جەژنی قوربان جێبەجێکرا.
PM:01:21:30/12/2024
ئهم بابهته 3780
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت