چیرۆکە جیاوازەکان؛ ئیمراڵی لە زیندانێکی سەرنجڕاکێشەوە بۆ دوورگەیەکی قەدەغەکراو


وێستگەنیوز-

زیندانی ئیمراڵی یەکێک لە بەناوبانگترین زیندانەکانی جیهان، سەرەتا زیندانێکی کراوەی سەرنجڕاکێش بوو، بەڵام ئێستا زیاتر لە ٢٥ ساڵە وەک ناوچەی قەدەغەکراوی سەربازی ناسێنراوە تانەنەت فڕین بەسەریشدا قەدەغەیە و زیندانیکراوانیش ناچارن تەنها بینەری ١٤ کەناڵی تەلەفیزیۆنی بن.

یەڵماز گونەیی هونەرمەند، عەدنان مێندەرێس یەکەم سەرۆک وەزیرانی هەڵبژێردراوی تورکیا و دوو وەزیری و عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە لە بەناوبانگترین ئەو کەسانەن کە لە دوورگەکە زیندانیکراون، لەم ڕاپۆرتەدا خوێنەری چیرۆکە جیاوازەکانی دورگەی ئیمراڵی بن و هەموو شتێک لەبارەی زیندانە بەناوبانگەکەی تورکیاوە بزانن.

دوورگەی ئیمراڵی

ئیمراڵی ئەو دوورگە بچوکەی تورکیایە کە بەهۆی زیندانەکەیەوە ناوێکی گەورەی هەیە، دورگەکە کەوتەوەتە خوارووی دەریای مەرمەرە بەرامبەر کەنارەکانی شاری بورسای ڕۆژئاوای تورکیا.

ئێستا عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە ناوسراوترین زیندانییە کە زیاتر لە ٢٥ ساڵە لە ئیمراڵی زیندانیکراوە.

ئیمراڵی لە مێژوودا

مێژووی ئاوەدانکردنەوەی ئیمراڵی بۆ سەردەمی ڕۆمەکان دەگەرێتەوە، سەرەتا بە دوورگەی بەسبیکوس و کالۆلیمنوس ناسرابوو، بەڵام دوای شەڕی ئیمپراتۆریەتی بیزانیس و عوسمانییەکان دورگەکە بووە شوێنی مانەوەی ئەدمیراڵێکی دەریاوانی عوسمانی بە ناوی ئەمیر عەلی یان ئەمیر ئالی بۆیە زۆرینەی هاوڕان ئیمراڵی لەناوی ئەمیر ئالییەوە وەرگیرابێت.

ئیمراڵی بۆچی کرایە زیندان؟

بەپێی تۆمارە مێژووییەکان تا ساڵی ١٩٢٢ دورگەکە ئاوەدانی تێدابووە و یۆنانەییەکان تێیدا نیشتەجێبوون بەڵام لە 11ـی ئابی ١٩٣٥ـەوە زیندانێکی گەورەی تێدا بونیادنراوە.

ئامانجی یەکەمی دورستکردنی زیندان لە دوورگەی ئیمراڵی بۆ ئەوەبوو تا سزادراوان لەو دورگەیە سەرقاڵی کشتوکاڵکردن بن.

٥٠ سزادراوی کوشتن لە ئیستەنبوڵ و بورسا یەکەم میوانانی زیندانەکانی ئیمراڵی بوون، ساڵی ١٩٣٧ ژمارەی زیندانیکراون گەیشتە ٤٠٠ کەس، ساڵی ١٩٤١ گەیشتە ٩٠٠ کەس ساڵی ١٩٤٧ بوونە نزیکەی ٥ هەزار کەس .

زیندانی ئیمراڵی لەو سەردەمدا بە زیندانێکی نمونەیی ناسێندرا و سەرنجی زۆرینەی خەڵکی بۆ خۆی ڕاکێشا،تا ساڵی ١٩٥٣ زۆرێک لە وەزیرانی داد سەردانی ئەو دوورگەیەیان دەکرد.

جیاواز لە وەزیران، ساڵانە سەدان خوێندکاری یاسا لە زانکۆ جیاوازەکانی تورکیا دەچونە دورگەکە تا لێکۆڵینەوەی جۆراوجۆر لەبارەی لایەنە ئەرێنییەکانی زیندانەکەوە ئامادە بکەن.

بە ناوبانگترین ئەو کەسانەی لە ئیمراڵی زیندانیکراون


تا ئێستا چەندین سەرکردە و هونەرمەندی تورکیا لە ئیمراڵی زیندانی کراون، ڕەنگە ئەوەیش هۆکاری ئەو ناوبانگە زۆرە بێت کە زیندانەکە پەیدای کردووە، عەدنان مێندەرێس کە یەکەم سەرۆک وەزیرانی هەڵبژێدراوی تورکیا بوو، دوای ١٠ ساڵ لە بەڕێوەبردنی پۆستی سەرۆک وەزیران کودەتای دژ ئەنجام درا و دەستگیرکرا.

دوای زیندانیکردنی بۆ ماوەیەک لە ئیمراڵی، ساڵی ١٩٦١، عەدنان مێندەرێس و دوو وەزیری لە دورگەکە لە سێدارەدراون و گۆڕەکانیشان ونکرا.

هونەرمەندی دیاری کورد، یەڵماز گونەیی یەکێکی دیکەیە لەو کەسانەی لە ئیمراڵی زیندانیکراوە، بەشێکی فیلمەکەشی بەناوی یۆل تایبەتە بە زیندانەکە، هەروەها شانۆنامەنووسی تورک ڤێدات نێدیم شانۆنامەی پیاوانی لە ئیمرالی نووسیوە، کە لە ئیلهام وەرگرتن لە بارودۆخی باشی دەستبەسەرکردن کە زیندانییەکان لە ساڵانی چلەکاندا هەبوون. پێشتریش، هەریەک لە نیگارکێش ئیبراهیم بالابان و نیگارکێشی یۆنانی ئەنگلۆس ستافۆنۆدیس لە ئیمراڵی زیندانیکراون.

چیرۆکەکانی هەڵهاتن لە ئیمراڵی

بەپێی سەرچاوە جیاوازەکان، لە نێوان ساڵانی ١٩٣٧ بۆ ١٩٤٥ نۆزدە کەس هەوڵی هەڵهاتنیان لە زیندانی دورگەی ئیمراڵی داوە کە شانزە هەڵهاتوویان دەستگیرکرانەوە و سێ کەسیشیان گیانیان لەدەستدا.

بیلی هایس کە بەهۆی قاچاخچێتی ماریجوانا لە تورکیاوە زیندانی کرابوو، لە ساڵی ١٩٧٥ لە دوورگەکە هەڵهات، هەروەها لە ساڵی ١٩٩٧ زۆرێک لە چیچانییەکانی زیندانیکراوی دوورگەکە توانیان هەڵبێن.

ئیمراڵی کرایە ناوچەی قەدەغەکرا

دوای ئەوەی عەبدوڵا ئۆجالان لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ لە کینیا دەستگیرکرا و گەڕێندرایەوە تورکیا دورگەی ئیمراڵی وەک شوێنی زیندانیکرانی دیاریکرا، بۆیە حکومەت بڕیاریدا سەرجەم زیندانیکراوانی دورگەکە بگوازێتەوە تا ئۆجالان بە تەنها زیندانی بکرێت.

بەپێی بەیاننامەی ژمارە 4ـی وەزارەتی بەرگریی تورکیا کە ٢٧ـی شوباتی ١٩٩٩ لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاویکردوەتەوە، بە بڕیاری ژمارە 1999/12408 دوورگەی ئیمراڵی و دەوروبەری بە ناوچەی قەدەغەکراوی سەربازی وشکانی، دەریایی و ئاسمانی ناساند.

دوورگەکە لە ڕێگەی مانگی دەستکردەوە چاودێری دەکرێت، بە بڕیاری حکومەت فڕین بەسەر دورگەکەدا قەدەغەیە و کەشتە مەدەنییەکانیش دەبێت لە دوری سێ میل لە دورگەکەگەشت بکەن، هەروەها ئەوانەشی دەیانەوێت سەردانی ئیمراڵی بکەن دەبێت مۆڵەت لە فەرمانگەی پەیوەندی قەیرانەکان وەربگیرێت.

ئێستا کێ لە ئیمراڵی زیندانییە؟

سەرەتا کە ئۆجالان لە ئیمراڵی زیندانی کرا، بە وتەی پارێزەرەکانی بۆ وێستگەنیوز، خۆی تاکە زیندانیکراو بووە، دوای ساڵی ٢٠٠٩ پێنج زیندانیکراوی دیکە براونەتە زیندانەکە و ئۆجالان توانیویەتی لە هەفتەیەکدا یەک ڕۆژ چاوی پێیان بکەوێت.

ئۆجالان لەگەڵ ئەوەی مافی بینینی زیندانیکراوانی نەبووە، تەنانەت ئەو ژورەشی تێیدا زیندانی کراوە پەنجەرەی تێدا نەبووە بەڵام ئێستا لەگەڵ ئەوەی ژورەکەی پەنجەرەی تێدایە، دەتوانێت لە هەفتەیەکدا چوار جار لەگەڵ زیندانیکراوانی دیکەی ئیمراڵی یەکتر ببینن.

ئێستا لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالاندا سێ کەسی دیکە لە ئیمراڵی زیندانین کە سەرجەمیان لەسەر دۆسیەی پەکەکە دەستگیراون و بریتین لە عومەر خەیری کۆنار، حامیلی یڵدرم و وەیسی ئەکتاش.

وەیسی ئەکتاش، دوای سی ساڵ ئەمساڵ ماوەی زیندانیکردنی تەواو بوو بەڵام تورکیا بۆ ساڵێکی دیکە سزادانی درێژکردەوە، زیندانیکراوانی دیکەش هەمان سزای ئۆجالانیان هەیە.

بەڕێوەبەرێک و دوو یاریدەر لەگەڵ ٣٤ فەرمانبەر کارە کارگێڕییەکانی زیندانەکە بەڕێ دەکەن،٧٠٠ سەربازیی لە دەرەوە پارێزگاری لە زیندانەکە دەکەن. لە زیندانەکەدا تەنها یەک پزیشک هەیە چارەسەرە تەندروستییەکان پێشکەشی زیندانیان دەکات.

١٥ کەناڵ بۆ زیندانیان بەردەستە

بەپێی راپۆرتی ٢٠٢٣ی دەستەکانی بەدواداچوونی بەرێوەبەرایەتی گشتی زیندان و دەستبەسەرخانەکانی وەزارەتی دادی تورکیا، ژمارەی ئەو کەناڵانەی کە لە دورگەی ئیمراڵی بەردەستن بۆ زیندانیکراوان بۆ ١٥ کەناڵ بەرزبوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ١٤ لەو کەناڵانەی بەردەستن تەلەفیزیۆنین و یەکێکیان ڕادیۆیە، ئۆجالانیش یەکێکە لەو زیندانیکراوانەی دەتوانێت بینەری سەرجەمیان بێت.

ساڵانە 19 ملیار دۆلار بۆ ئیمراڵی تەرخان دەکرێت

دورگەی ئیمراڵی کە ئێستا تایبەتەکراوە بە سزادراوان، 403 شوێنی جیاوازی تێدایە کە بریتین لە؛ هۆڵەکانی زیندان، ڕاگیراوان، دامەزراوەی سزا، نەخۆشخانە و هتد.

بەپێی راپۆرتی ساڵی ٢٠٢٣ی دەستەکانی بەدواداچوونی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی زیندان و دەستبەسەرخانەکانی وەزارەتی دادی تورکیا، ساڵانە ١٩ ملیار و ٢٧٧ ملیۆن دۆلار بەو دورگەیە تەرخان دەکرێت کە ئەوەیش گرنگی زیندانەکە بۆ تورکیا دەردەخات.


PM:01:23:29/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 3124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت