راگەیەندراوی دەم پارتی لەبارەی سەردانەکەیان بۆ ئیمراڵی


وێستگەنیوز-

پارتى دەم رایدەگەیەنێت، عەبدوڵڵا ئۆجەلان تەندروستى باش بووە، ئاماژە بەوەشدەکەن هەڵسەنگاندنەکانی بۆ چارەسەری کێشەی کورد زۆر گرنگ بوون.


دواى ئەوەى دوێنێ شەممە شاندى پارتى دەم چوونە زیندانى ئیمراڵى و چاویان بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکى پارتى کرێکارانى کوردستان "پەکەکە" کەوت، پارتەکە راگەیەندراوێکى لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد، "تەندروستیی ئۆجەلان باش بووە و ورەی بەرزبووە".

ئاماژە بەوەکراوە، "هەڵسەنگاندنەکانی ئۆجەلان بۆ چارەسەری کێشەی کورد زۆر گرنگ بوون، لەگەڵیدا باسی دۆخی تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستمان کرد".

هەروەها پەیامێكی ئاڕاستەی دەسەڵاتدرانی دەوڵەتی توركیا و رای گشتی كردووە و رایگەیاندووە، "ئامادەم بۆ پرۆسەی چارەسەری".

دەقی راگەیەندراوەکەی دەم پارتی:

لە 28ـیی کانوونی یەکەمی 2024ـدا، دانیشتنێکی فراوانمان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمرالی ئەنجام دا. تەندروستیی باشە و ورەی زۆر بەرزە. هەڵسەنگاندنەکانی سەبارەت بە دۆزینەوەی چارەسەری هەمیشەیی بۆ کێشەی کورد، زۆر گرنگ بوون.

لە دانیشتنەکەدا کە هەڵسەنگاندن بۆ دوایین پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تورکیا کرا، بەڕێز ئۆجەلان پێشنیازی چارەسەری ئەرێنیی خستەڕوو بەرامبەر بە سیناریۆ تاریکەکان کە دەسەپێنرێن.

چوارچێوەی گشتیی بیرۆکەکان و روانگەکانی بەم شێوەیەن:

- بەهێزکردنەوەی برایەتی تورک-کورد، وێڕای ئەوەی بەرپرسیاریێتییەکی مێژووییە، گرنگە و بووەتە پێویستییەکی چارەنووسساز بۆ هەموو گەلان.

- بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە، پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی تورکیا دەستپێشخەری بکەن و هەڵوێستی ئەرێنی و ئاڤاکاریان هەبێت بەبێ گیرۆدەبوون بە حیساباتی کاتی و تەسک. بێگومان یەکێک لە گرنگترین مەیدانەکانی ئەم بەشدارییە، پەرلەمانی تورکیا دەبێت.

- رووداوەکانی غەززە و سووریا دەریان خستووە کە چیتر ناکرێت چارەسەری ئەم کێشەیە دوابخرێت کە هەوڵدەدرێت لە رێگەی دەستتێوەردانی دەرەکییەوە ئاڵۆزتر بکرێت. بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنی کارێک کە گرنگییەکەی هاوشێوەی مەترسییەکەیە، پێشنیاز و بەشداریی ئۆپۆزیسیۆنیش گرنگن.

- من خاوەنی ئەو شارەزایی و بڕیارەم کە بەشداری پێویست لە پارادایمە نوێیەکەدا بکەم کە بەڕێزان باخچەلی و ئەردۆغان پشتیوانیی لێ دەکەن.

- شاند، ئەم روانگەیەی من لەگەڵ دەوڵەت و لایەنە سیاسییەکان باس دەکات. لەبەر رۆشنایی ئەمانە، ئامادەم هەنگاوی ئەرێنی بنێم و بانگەواز بکەم.

- هەموو ئەم هەوڵانەمان، وڵات دەگەیێنێتە ئەو ئاستەی شایستەیەتی و هاوکات رێبەرێکی زۆر بەنرخیش دەبێت بۆ گۆڕانکاری دیموکراتی.

سەردەم، سەردەمی ئاشتی و دیموکراسی و برایەتییە بۆ تورکیا و ناوچەکە.

بەڕێزەوە بۆ رای گشتی،

29ـی کانوونی یەکەمی 2024
پەروین بوڵدان و سڕی سوورەیا ئۆندەر


AM:11:29:29/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 3652 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت