واده‌ی‌ به‌فربارین له‌ سه‌نته‌ری‌ شاره‌كان راگه‌یه‌ندرا


وێستگه‌نیوز-
شاره‌زایه‌كی‌ كه‌شناسی‌ كورد رایگه‌یاند كه‌ له‌ ئه‌مڕۆوه‌ تا نزیكه‌ی 14 رۆژی داھاتوو عێراق و ھه‌رێمی كوردستان به‌كه‌شێكی سه‌قامگیردا تێپه‌رده‌بێت، ده‌شڵێت: "پێشبینی‌ ده‌كرێت ناوه‌ڕاستی‌ مانگی‌ داهاتوو به‌فر له‌سه‌نته‌ری شاره‌كان ببارێت".


ئاراس جه‌بار شاره‌زای‌ كه‌شناسی‌ كورد له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ڵێت: "كاریگه‌ری شه‌پۆله‌كه‌ی شه‌وی ڕابردوو له‌سه‌ر ناوچه‌كانمان كۆتایی ھاتووه‌ و به‌گشتی له‌ئه‌مڕۆوه‌ تا نزیكه‌ی 14 رۆژی داھاتوو عێراق و ھه‌رێمی كوردستان به‌كه‌شێكی سه‌قامگیردا تێپه‌ڕده‌بێت".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "له‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ی ئه‌م ھه‌فته‌یه‌ش 1/1/2025 بای باكووری رۆژھه‌ڵات له‌ ناوچه‌كانی پارێزگای سلێمانی و به‌گشتی ناوچه‌ شاخاویه‌كانی رۆژھه‌ڵاتی ھه‌رێم چالاك ده‌بێت به‌خێرایی 15-30 كیلۆمه‌تر له‌ كاتژمێرێكدا و تا كۆتای ھه‌فته‌ رۆژی ھه‌ینی 3/1/2025 به‌رده‌وامی ئه‌بێت".

ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ "پله‌كانی گه‌رماش به‌درێژای 14 رۆژی داھاتوو زیاتر له‌ ئاستێكی جێگیردا ده‌بێت و گۆڕانكاری ئه‌وتۆ روونادات".

ئاراس جه‌بار راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "پێشبینیمان وایه‌ مانگی یه‌كی ساڵی داھاتوو له‌نێوان مه‌ودای 12/1/2025 بۆ 20/1/2025 ھه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌ بكه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ری ھاتنی شه‌پۆلێكی جه‌مسه‌ری به‌ھێزی سه‌رما و به‌فر بارینه‌وه‌ و به‌فر له‌سه‌نته‌ری شاره‌كان ببارێت".



PM:03:32:28/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 21432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت