کاروان یاروەیس: پێدانی تاقیگەی نەخۆشخانە حكومییەكانی هەرێم بە كەرتی تایبەت سەرپێچی راشكاوی دەستووری عێراقە
وێستگەنیوز-
دوای بڵاوبوونەوەی نووسراوێکی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان کە تیادا باس لەوەکراوە تاقیگەی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان دەدرێت بە کەرتی تایبەت پەرلەمانتارێکی عێراقیش دەڵێت، "پێدانی تاقیگەی نەخۆشخانە حكومییەكان بە كەرتی تایبەت لەلایەن وەزارەتی تەندروستی هەرێمەوە، سەرپێچی راشكاوی دەستووری عێراقە".
كاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "پێدانی تاقیگەی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییە حکومی و گشتییەکان بە کۆمپانیان و کەرتی تایبەت سەرپێچی راشکاوی دەستووری عێراقە و گرێبەستەکەی وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ کۆمپانیاکە، پشتی بەهیچ ماددە و بڕگەیەکی یاسایی نەبەستووە و بۆ ماوەی 10 ساڵ تاقیگەکانیان داوە بە کەرتی تایبەت".
ئەوەشی خستووەتەڕوو "دوای وەرگرتنی رونکردنەوەی پێویست و بەڵگەنامەکان بیسەلمێنن تاقیگەی نەخۆشخانەو بنکە تەندروستییە حکومی و گشتییەکان دراون بە کۆمپانیا و نرخی پشکنینەکان لەسەر هاوڵاتی زیاد دەکرێن، پاڵپشت بە مادەی (61/دووەم) و مادەی (31/یەکەم) ئەوە بەهۆکاری سەرپێچی دەستور تانە لەبڕیارەکە دەدەین و بۆ ئەم مەبەستە راوێژکاری یاساییمان راسپاردوە ئامادەکارییەکان تەواوبکات".
باسی لەوەشکردووە، "جگە لەسەرپێچییە دەستوری و یاساییەکان، ئەم کارە لە رووی ئاکاری و ئینسانییەوە، تەواو زیادەڕەوییە، حکومەتی هەرێم کە ناتوانێ موچە بدات و خەڵک لە وەزعێکی خراپدایە کەچی دێت لەجیاتی پێشخستنی نەخۆشخانەو بنکە تەندروستییە حکومییەکان و سوککردنی باری گرانی سەرشانی خەڵک، بۆ بەرژەوەندی کۆمپانیاکان هێندەی تر وەزعی خەڵک خراپتر دەکات".
PM:11:01:26/12/2024
ئهم بابهته 5128
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت