ئەبوبەکر هەڵەدنی: بەشداری کۆنگرەی نۆیەمی یەکگرتوو ناکەم
وێستگەنیوز-
ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەشداری کۆنگرەی نۆیەمی یەکگرتوو ناکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی کانونی دووەمی 2024، ئەبوبەکر هەڵەدنی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک لەبارەی کۆنگرەی نۆیەمی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کە بڕیارە سبەینێ لە هەولێر بەڕێوەبچێت رایگەیاند، "بەشداری کۆنگرەی نۆیەمی یەکگرتوو ناکەم".
ئاماژەی بەوەکرد، "هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنگرەی یەکگرتوو دەخوازم کە بەش بەحاڵی خۆم رەنجی فەرهادم بۆدا شانبەشانی دەیان هەزار تێکۆشەری ماندونەناس و لێی پەشیمان نیم و شانازیشی پێوە دەکەم و خەون وئامانجمان بۆ گەشەکردنی و بەرجەستە کردنی دروشمەکانی ئازادی و برایەتی و دادپەروەری بوو".
دەقی راگەیاندراوەکەی ئەبوبەکر هەڵەدنی:
سەبارەت بە هەڵوێستمان لە ڕوانگەی دوایەمین کۆبونەوەی سەرکردایەتی یەکگرتوو:
١. بەشداری کۆنگرەی نۆیەم ناکەم.
٢. ڕێکخستنە سەربڵندەکانی یەکگرتوو بەدرێژایی سی و پێنج ساڵ لێیان دانەبڕاوم و کۆی خزمەتی ئەو ماوە دوور و درێژەی وێستگە جۆراوجۆرەکانی خەبات چاکەکەی بۆ فەزڵی خودا و پشتیوانی و نزای خێری ئەو ئازیزانەم دەگەڕێنمەوە و بۆ هەمیشەش خۆم بە قەرزدار و خۆڵی ژێر پێکانیان دەزانم و سەرچاوەی وزە و تینمن و داوای گەردن ئازادیان لێدەکەم لە هەر ڕەفتار و گوفتارێکم کە بوبێتە مایەی نیگەرانکردنیان.
٣. سوپاسی سەرجەم ئەو ئازیزان وخۆشەویستانە دەکەم کە لەم ماوەیەدا کاتی خۆیان بەئێمە بەخشی و پشتیوانیان دەربڕی بەرامبەر ئەو ڕێکارە ناپەیڕەویانەی بەرامبەرمان گیرایە بەر.
٤.هەروەک بێبەریبوونی خۆم لەهەر تۆمەت وناوزڕاندنێک ڕادەگەیەنم لەپاڵ هاوسۆزی بۆ ئێمە بەرامبەر یەکگرتوو و سەرکردەکانی وتراوە چ لە ڕابردوو یان لەداهاتوو بوترێ، زمانی زبر و ڕق وکینە و گرێی ئایدۆلۆژی و بەناوکەوتن بەپێوەری شەلم کوێرم کەس ناپارێزم بەڵگەی کەم تفاقی و مایە پوچی خاوەنەکەیەتی.
٥. هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنگرەی یەکگرتوو دەخوازم کەبەش بەحاڵی خۆم ڕەنجی فەرهادم بۆدا شانبەشانی دەیان هەزار تێکۆشەری ماندونەناس و لێی پەشیمان نیم و شانازیشی پێوە دەکەم و خەون وئامانجمان بۆ گەشەکردنی و بەرجەستە کردنی دروشمەکانی ئازادی و برایەتی و دادپەروەری بوو.
بۆهەمیشە کوردستان گەشاوە و کوردستانیانیش سەربڵند و ئیسلامخوازان و ئیسڵاحخوازانیش شکۆمەند.
ئەبوبەکر هەڵەدنی
PM:04:47:26/12/2024
ئهم بابهته 6316
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت