ئه‌مینداری پێشووی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌: گوێڕایه‌ڵی هاوپه‌یمانان نه‌كرێت، به‌جێمان ده‌هێڵن


وێستگه‌نیوز-
ئه‌مینداری پێشووی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هۆشداری‌ دا له‌وه‌ی‌ گوێڕایه‌ڵی هاوپه‌یمانان نه‌كرێت بۆ رێكخستنه‌وه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌، به‌جێمان ده‌هێڵن، ده‌شڵێت: " ده‌بێت یه‌كێتی و پارتی به‌ قه‌ناعه‌ته‌وه‌ ده‌ستبه‌رداری هێزه‌ چه‌كداره‌كان و له‌ نێویاندا پێشمه‌رگه‌ ببن".


فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر، ئه‌مینداری پێشووی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای وت: "هاوپه‌یمانان هانمان ده‌ده‌ن بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ و كردنی پێشمه‌رگه‌ به‌ هێزێكی پرۆفیشناڵ".

ده‌شڵێت: "هاوپه‌یمانان ده‌یانه‌وێت پێشمه‌رگه‌ به‌ده‌ر بێت له‌ ململانێی حزبی، گه‌ر ئه‌مه‌مان كرد ده‌ستخۆشیمان لێده‌كه‌ن، گه‌ر گوێڕایه‌ڵیشیان نه‌كه‌ین وه‌كو ئه‌فغانستان به‌جێمان ده‌هڵێن، خۆ تا قیامه‌ت له‌گه‌ڵ ئێمه‌ نامێننه‌وه‌".

فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر جه‌ختیشی له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ "له‌ ساڵی 2003 ه‌وه‌ تا ئێستا هاوپه‌یمانان له‌گه‌ڵمانن، گه‌ر له‌ ساڵی 2014 ه‌وه‌ حسابیشی بكه‌ین ده‌كاته‌ ده‌ ساڵ، سه‌رباری ئه‌و هه‌موو هاوكاری و پێدانی پاره‌ و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و مه‌شقكردنه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌، گه‌ر چیتر گوێڕایه‌ڵی هاوپه‌یمانان نه‌كه‌ین، لێمان بێزار ده‌بن و وازمان لێده‌هێنن".

به‌پێی راگه‌یه‌نراوی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بڕیاردراوه‌ به‌ ده‌ست به‌كاربوونی ناوچه‌ی سه‌ربازی یه‌ك و دوو كه‌ به‌شێكی زۆری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی 70 و 80 ی پێشمه‌رگه‌ی تێدا رێكده‌خرێته‌وه‌.

هێزه‌كانی 70 سه‌ر به‌ یه‌كێتی و هێزه‌كانی 80 سه‌ر به‌ پارتییه‌ و یه‌كێك له‌ داواكارییه‌كانی هاوپه‌یمانان رێكخستنه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌یه‌ له‌ چوارچێوه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا، به‌ڵام چاودێران پێیانوایه‌ گۆڕینی ناوی ئه‌و دوو هێزه‌ بۆ ناوچه‌ی سه‌ربازی یه‌ك و دوو ته‌نها گۆڕینی ناوه‌كانیانه‌.

ده‌نگی‌ ئه‌مریكا له‌ زاری‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای سه‌ربازی هه‌رێمی كوردستان كه‌ ئێستا له‌ پۆستێكی باڵا و فه‌رمیدایه‌، بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ "گۆڕینی ناوی 70 و 80 بۆ ناوچه‌ی سه‌ربازی یه‌ك و دوو ته‌نها گۆڕینی ناوه‌ نه‌ك یه‌كخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌، ئه‌م كاره‌ش وه‌كو وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خواستی هاوپه‌یمانان ئه‌نجامدراوه‌ كه‌ نابێت تا ساڵی 2026 هێز له‌ده‌ره‌وه‌ی وه‌زاره‌ت بمێنێت".

ده‌شڵێت: "هێزی پێشمه‌رگه‌ كاتی زۆری ده‌وێت تا له‌ ژێر هه‌ژموونی حزب ده‌رده‌هێنرێت، ده‌بێت ورده‌ ورده‌ لێهاتوویی و چوارچێوه‌ی سه‌ربازی ببێته‌ هۆی یه‌كخستنی پێشمه‌رگه‌".

فه‌رمانده‌یی له‌شكری كوردستان هێزێكی سه‌ر به‌ پارتی بوو، فه‌رمانده‌یی گشتی هێزی پێشمه‌رگه‌ش سه‌ر به‌ یه‌كێتی بوو، به‌ڵام له‌ ساڵی 2009 و له‌ ژێر ناوی یه‌كخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌دا ناوه‌كانیان بۆ 70 و 80 گۆڕدرا، له‌ ئێستاشدا ناوی 70 و 80 ش گۆڕدرا بۆناوچه‌ی سه‌ربازی یه‌ك و دوو.

ناوچه‌ی سه‌ربازی یه‌ك و دوو كه‌ درێژكراوه‌ی هێزه‌كانی 70 و 80 ی پارتی و یه‌كێتین، گوایه‌ له‌مه‌ودوا فه‌رمانده‌یی فیرقه‌ و لیواكان ده‌كه‌ن له‌ڕووی ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆن و مه‌سه‌له‌ی دارایی و پێداویستییه‌كانیانه‌وه‌.

فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر ده‌ڵێت،"ئایا گۆڕینی ناوی 70 و 80 بۆ ناوچه‌ی سه‌ربازی یه‌ك و دوو ده‌بێته‌ هۆكاری نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی و پارتی به‌سه‌ر هێزی پێشمه‌رگه‌، ئه‌مه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی حزب فه‌رمان به‌ فه‌رمانده‌كانیان نه‌كات و فه‌رمانده‌كانیش نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ بڕیاری حزب".

وتیشی: "ده‌بێت یه‌كێتی و پارتی به‌ قه‌ناعه‌ته‌وه‌ ده‌ستبه‌رداری هێزه‌ چه‌كداره‌كان و له‌ نێویاندا پێشمه‌رگه‌ ببن، خۆ جگه‌ له‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ ده‌یان جۆر هێزی تری چه‌كدار هه‌ن كه‌ سه‌ربه‌ پارتی و یه‌كێتین".

له‌ ماوه‌ی مانگی 12 ی ساڵی 2024دا، چه‌ندین وه‌فدی باڵای سه‌ربازی وڵاتانی ئه‌وروپا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا دیدارو كۆبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامدا.

وه‌زیری به‌رگری هۆڵه‌ندا، وه‌زیری به‌رگری ئیتالیا، وه‌زیری به‌رگری ئه‌ڵمانیا، سوپاسالاری به‌ریتانیاو چه‌ندین وه‌فدی تری سه‌ربازی له‌ نێو ئه‌و وه‌فدانه‌دا بوون، كه‌ له‌م مانگه‌دا به‌ جیا سه‌ردانی هه‌رێمیان كردووه‌.

سه‌رچاوه‌ باڵا سه‌ربازییه‌كه‌ی هه‌رێم كه‌ ئاگاداری دیدارو كۆبوونه‌وه‌كان بووه‌، ده‌ڵێت: "ئه‌و وڵاتانه‌ دۆستی كوردن و پشتیوانی كورد ده‌كه‌ن، حه‌ز ده‌كه‌ن كورد یه‌كگرتوو بێت. پێمان ده‌ڵێن نه‌یارتان زۆره‌و مه‌ترسیتان له‌سه‌ره‌، رێنماییمان ده‌كه‌ن، به‌ڵام گرفته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ لایه‌نی كوردی له‌كۆبوونه‌وه‌كاندا قسه‌ی جوان ده‌كات و دواتر هه‌نگاوی كرداری بۆ یه‌كڕیزی نانرێت".


له‌كاتێكدا بێ متمانه‌یی نێوان یه‌كێتی و پارتی به‌هۆكاری سه‌ره‌كی یه‌كنه‌خستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ داده‌نرێت، به‌ڵام به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ پێیانوایه‌ له‌ نێو هێزی پێشمه‌رگه‌دا ئیراده‌ی یه‌كخستنه‌وه‌ و رێكخستنه‌وه‌ دوور له‌ ده‌ستی حزب زاڵتره‌.



PM:07:29:25/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 1668 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت