یەكگرتووی ئیسلامی رۆژانی (27-28)ی ئەم مانگە لە هەولێر كۆنگرە دەبەستێت


وێستگه‌نیوز-

ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستان هیوای خواست كۆنگره‌ی نۆیه‌می حیزبه‌كه‌ كه‌ بڕیاره‌ له‌ ڕۆژانی 27و28ی ئه‌م مانگه‌دا له‌ هه‌ولێر ساز بكرێت، سه‌ركه‌وتوو بێت و بتوانێت نوێكردنه‌وه‌و گۆڕانكاری پێویست بهێنێته‌كایه‌وه‌، ده‌شڵێت: "ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم په‌ند له‌ رووداوه‌كانی ناوچه‌كه‌ وه‌ربگرن ".

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ به‌لاغی كۆتایی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان بڵاوكرایه‌وه‌ و تیایدا هاتووه‌ كه‌ "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ رۆژی‌ سێشه‌ممه‌ به‌ڕێوه‌چوو، بڕیارو راسپارده‌ی پێویست له‌ باره‌ی دوا ئاماده‌كاریه‌كان بۆ كۆنگره‌ی نۆیه‌می حیزب وه‌رگیرا، به‌ تایبه‌تی په‌سه‌ندكردنی لیستی پاڵێوراوان بۆ ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی و ده‌سته‌ی باڵای چاودێری خولی داهاتوو له‌گه‌ڵ میكانیزمی ڕێكخستنی لیسته‌كان و چۆنیه‌تی ده‌نگدان".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كگرتوو گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی‌ سوریا به‌ "شۆڕشگێڕ" ناوده‌بات و خۆشحاڵی خۆی دوپاتكرده‌وه‌ بۆ روخانی رژێمی‌ به‌شار ئه‌سه‌د و هیوای خواست كه‌ "هێزه‌ سیاسی و شۆڕشگێڕه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ بتوانن سیسته‌مێكی حوكمڕانی دادپه‌روه‌رانه‌ بۆ خۆیان دابمه‌زرێنن كه‌ هه‌موو پێكهاته‌كانی ئه‌و وڵاته‌ به‌ شێوه‌یه‌كی هاوسه‌نگ له‌ خۆ بگرێت".

هاوكات جه‌ختی كرده‌وه‌ له‌سه‌ر "چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی گه‌لی كورد له‌ ڕۆژئاوای كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كی دیموكراتیانه‌ و به‌ ڕێگای دیالۆگ و دانوستاندنی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ فه‌رمانڕه‌وایانی نوێ".

كۆبوونه‌وه‌كه‌ داوایكرد "كێشه‌كانی نێوان رۆژئاوا و ده‌وڵه‌تی توركیای دراوسێ به‌ ڕێگای ئاشتیانه‌ و دیالۆگ چاره‌سه‌ر بكرێت".
ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كگرتوو داواشیكرد كه‌ "به‌ زووترین كات ڕێگا خۆش بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی‌ كوردستان هه‌ڵبژاردنی بۆ بكرێت و په‌رله‌مان بتوانێت درێژه‌ به‌ دانیشتنه‌كانی بدات و ڕۆڵی ته‌شریعی و چاودێری خۆی به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت".

به‌ پێویستیشی ده‌زانێت كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم "په‌ند له‌ ڕووداوه‌كانی ناوچه‌كه‌ وه‌ربگرن و ده‌ست هه‌ڵبگرن له‌ گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تی بێ سنورو برسیكردنی خه‌ڵكی كوردستان و زه‌مینه‌ ساز بكه‌ن بۆ ئه‌نجدامدانی چاكسازی ریشه‌یی له‌ سیسته‌می حوكمڕانی هه‌رێم دا".

ئه‌مه‌ش ده‌قی‌ به‌لاغه‌كه‌یه‌:

بسم الله الرحمن الرحیم

به‌لاغی كۆتایی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان

ڕۆژی سێ شه‌ممه‌ 24/12/2024 ئه‌نجومه‌نی سه‌ركرادیه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان دوا كۆبوونه‌وه‌ی خولی هه‌شته‌می خۆی گرێدا.
* له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیارو راسپارده‌ی پێویست له‌ باره‌ی دوا ئاماده‌كاریه‌كان بۆ كۆنگره‌ی نۆیه‌می حیزب وه‌رگیرا، به‌ تایبه‌تی په‌سه‌ندكردنی لیستی پاڵێوراوان بۆ ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی و ده‌سته‌ی باڵای چاودێری خولی داهاتوو له‌گه‌ڵ میكانیزمی ڕێكخستنی لیسته‌كان و چۆنیه‌تی ده‌نگدان، به‌ مه‌به‌ستی هێنانه‌دی هاوسه‌نگی گونجاو له‌ سه‌ر ئاستی ده‌ڤه‌ره‌كان، هه‌روه‌ك چۆنێتی به‌ڕێوه‌بردنی دانیشتنه‌كانی كۆنگره‌ به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووانه‌.

* له‌ ته‌وه‌ره‌یه‌كی تری كۆبوونوه‌كه‌دا بارودۆخی گشتی هه‌رێم و ڕووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی وڵاتی سوریا بیروڕایان له‌ باره‌وه‌ ئاڵوگۆڕكرا:
+ سه‌باره‌ت به‌ ڕووداوه‌كانی سوریاو ڕوخانی ڕژێمی دیكتاتۆری بنه‌ماڵه‌ی ئه‌سه‌د له‌ لایه‌ن گروپه‌ شۆرشگێره‌كانی گه‌لی سوریاوه‌، سه‌ركردایه‌تی پێخۆشحاڵی خۆی دوپاتكرده‌وه‌ بۆ روخانی ئه‌و ڕژێمه‌ سته‌مكاره‌ی كه‌ به‌ ئاگرو ئاسن و داپلۆسینی دڕندانه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ هاوڵاتیانی خۆی ده‌كرد، هیوای خواست كه‌ هێزه‌ سیاسی و شۆرشگێره‌كانی ئه‌و وڵاته‌ له‌ سایه‌ی ئازادی و دیموكرارسی و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌دا، بتوانن سیسته‌مێكی حوكمڕانی دادپه‌روه‌رانه‌ بۆ خۆیان دابمه‌زرێنن كه‌ هه‌موو پێكهاته‌كانی ئه‌و وڵاته‌ به‌ شێوه‌یه‌كی هاوسه‌نگ له‌ خۆ بگرێت.

+ هه‌ر له‌و بواره‌دا كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی جه‌ختی كرده‌وه‌ له‌ سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی گه‌لی كورد له‌ ڕۆژئاوای كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كی دیموكراتیانه‌و به‌ ڕێگای دیالۆگ و دانوستاندنی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ فه‌رمانڕه‌وایانی نوێ، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ هه‌موو ئاڕاسته‌ سیاسیه‌كانی رۆژئاوا له‌ چوارچێوه‌یه‌كی پێكه‌وه‌ گونجاودا به‌شدار بن له‌ بنیاتنانه‌وه‌و به‌ڕێوه‌بردنی ناوچه‌ كوردیه‌كاندا.. هه‌روه‌ك كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی داوایكرد كێشه‌كانی نێوان ڕۆژئاواو ده‌وڵه‌تی توركیای دراوسێ به‌ ڕێگای ئاشتیانه‌و دیالۆگ چاره‌سه‌ر بكرێت و ناوچه‌كه‌ به‌ دوور بگیرێت له‌ به‌ كارهێنانی هێزو ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌ربازی.

+ له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی بارودۆخی هه‌رێمی كورردستانی دوای هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ تاوتوێكرد و داوایكرد كه‌ به‌ زووترین كات ڕێگا خۆش بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان هه‌ڵبژاردنی بۆ بكرێت و په‌رله‌مان بتوانێت درێژه‌ به‌ دانیشتنه‌كانی بدات و ڕۆڵی ته‌شریعی و چاودێری خۆی به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت.

هه‌روه‌ك سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتوو به‌ پێویستی ده‌زانێت كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم په‌ند له‌ ڕووداوه‌كانی ناوچه‌كه‌ وه‌ربگرن و ده‌ست هه‌ڵبگرن له‌ گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تی بێ سنورو برسیكردنی خه‌ڵكی كوردستان و زه‌مینه‌ ساز بكه‌ن بۆ ئه‌نجدامدانی چاكسازی ریشه‌یی له‌ سیسته‌می حوكمڕانی هه‌رێم دا، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ پێگه‌یه‌كی سیاسی به‌هێزه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی پێویست له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدرال بكه‌ن و بتوانن ناوچه‌كانی مادده‌ی/140 بگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان. هه‌روه‌ك دوپاتیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌ركی هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غدایه‌ پرسی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر بكه‌ن و له‌وه‌ زیاتر كێشه‌ بۆ خه‌ڵكی كوردستان دروست نه‌كه‌ن.
* له‌ كۆتایی دا كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی هیوای خواست كۆنگره‌ی نۆیه‌می حیزب كه‌ بڕیاره‌ له‌ ڕۆژانی 27و28ی ئه‌م مانگه‌دا ساز بكرێت له‌ هه‌ولێر، كۆنگره‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو بێت و بتوانێت نوێكردنه‌وه‌و گۆڕانكاری پێویست بهێنێته‌كایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان وه‌ك هێزێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی میانه‌ڕه‌و، هه‌نگاو به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی گه‌شترو پێشكه‌وتووتر بهاوێت و ڕۆڵی كاریگه‌ری خۆی ببینێت له‌ ئه‌نجامدانی چاكسازی ڕیشه‌یی له‌م هه‌رێمه‌دا.

هه‌ر له‌و میانه‌دا كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی سوپاس و ده‌ستخۆشی خۆی ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م ئۆرگانه‌كانی حیزب و تێكڕای خوشكان و برایان و ڕێكخستنه‌كانی كرد كه‌ له‌ ماوه‌ی خولی رابردوودا ماندونه‌ناسانه‌ كاریان كردووه‌ بۆ ئه‌نجام گه‌یاندنی ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی خۆیان و له‌ هه‌موو بواره‌كاندا خزمه‌تی گه‌وره‌یان به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی كردووه‌.

جارێكی تر دوعای قبوڵ و لێخۆشبوون له‌ خوای په‌روه‌ردگار بۆ خۆمان و هه‌موو لایه‌ك ده‌خوازین...

خوای گه‌وره‌ پشتیوان و ڕێ نیشانده‌رمان بێت
ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی
یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان
24/12/2024





PM:04:39:25/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 784 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت