روونكردنه‌وه‌یه‌كی‌ نوێ سه‌باره‌ت به‌ ئۆتۆمبێله‌ بێ‌ سه‌ره‌تاكان بڵاوكرایه‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
لیژنه‌ی ئه‌منی پارێزگای سلێمانی دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی ئۆتۆمبێله‌ بێ سه‌ره‌تاكان له‌ ڕۆژی ده‌رچونییه‌وه‌ تاكو ئه‌م ساته‌ وه‌ك خۆی جێبه‌جێ ده‌كرێت و ھیچ گۆڕانگاری و پاشگه‌زبوونه‌وه‌یه‌كی تیا نییه‌.


له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه‌ ئاراسته‌ی‌ سه‌رجه‌م كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن و ڕای گشتی كراوه‌، لیژنه‌ی ئه‌منی پارێزگای سلێمانی رایگه‌یاند كه‌ "له‌ یه‌كێك له‌ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن ھه‌واڵێكی ناڕاست و چه‌واشه‌كاری بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ده‌رباره‌ی ئۆتۆمبێله‌ بێسه‌ره‌تاكان و تیایدا ھاتووه‌ كه‌ دوای سه‌ری ساڵ و به‌ بڕیاری وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان ئۆتۆمبێله‌ بێ سه‌ره‌تاكان به‌رامبه‌ر به‌  بڕی ملیۆن و نیوێك تۆمار ده‌كرێن".

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ "ئێمه‌ وه‌ك لیژنه‌ی ئه‌منی سلێمانی ئه‌م ھه‌واڵه‌ سه‌رله‌به‌ری ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌ و به‌ڕاشكاوی رایده‌گه‌یه‌نین كه‌ ئه‌م ھه‌واڵه‌ دووره‌ له‌ راستییه‌وه‌".

ده‌شڵێت: "به‌لای ئێمه‌ داڕشتن و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م ھه‌واڵه‌ له‌و كه‌ناڵه‌ كه‌ ھیچ گرنگ نییه‌ ناوھێنانی، مه‌رام و مه‌به‌ستێكی سیاسی و چه‌واشه‌كاری ئێجگار ئاست نزم و داماڵراو له‌ پرینسیپی كاری راگه‌یاندن له‌خۆ ده‌گرێت، و ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تی ناوخۆ ھه‌ر بڕیارێك ده‌ربكات ئه‌وا له‌په‌ڕه‌ی فه‌رمی وه‌زاره‌ت و به‌ئاشكرا ده‌یخاته‌ ڕوو نه‌ك په‌نا به‌رێت بۆ كه‌ناڵێكی به‌ناو راگه‌یاندنی له‌و جۆره‌".

ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ "ھه‌ركه‌ناڵێكی راگه‌یاندن په‌نا به‌رێت بۆ ھه‌واڵی درۆ و ساخته‌ و چه‌واشه‌كاری بێ گومان ھۆكاری سه‌ره‌كی بۆ مایه‌پوچبوونی سیاسی و ئیعلامی وجه‌ماوه‌ری ده‌گه‌ڕێته‌وه‌".

له‌ كۆتایی روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ "ئێمه‌ وه‌ك لیژنه‌ی ئه‌منی پارێزگای سلێمانی بۆ ھه‌موو لایه‌كی راده‌گه‌یه‌نین كه‌ بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی ئۆتۆمبێله‌ بێ سه‌ره‌تاكان له‌ ڕۆژی ده‌رچونییه‌وه‌ تاكو ئه‌م ساته‌ وه‌ك خۆی جێبه‌جێ ده‌كرێت و ھیچ گۆڕانگاری و پاشگه‌زبوونه‌وێكی تیا نییه‌ و نه‌كراوه‌ و ئامانجی سه‌ره‌كی لێوه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی شكۆی یاسا و پاراستنی ئه‌منییه‌تی ھاوڵاتیان و چه‌سپاندن و به‌رقه‌راربوونی دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و ئۆقره‌یی ڕه‌وشی ھاتوچۆیه‌له‌ سه‌رشه‌قامه‌كانه‌".



PM:07:14:23/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 2936 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت