وریشە مورادی لە زیندانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە


وێستگەنیوز-

وریشە مورادی، زیندانی سیاسی کورد لە زیندانی ئەوین لە شاری تاران پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "پەشیمان نیم لە هەوڵەکانم".


وریشە مورادی زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ئەوین بە بۆنەی رۆژی ژن و دایک پەیامێكی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "سزای ژنان لە ئێران بەراورد بە ساڵی رابردوو %35 زیادی کردووە، هەروەها بارودۆخی ئێستا هاوشێوەی ساڵانی شەستەکانە، کە لە هەمانکاتدا لەگەڵ شەڕدا، کوشتاری بە کۆمەڵ لە زیندانەکان و لە نێو ئازادیخوازاندا روویدا، نابێت رێگە بدرێت مێژوو دووبارە ببێتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "هیچ پەشیمان نیم لە هەوڵەكانم، تا زوڵم و ستەم لە دژی ژنان بەردەوام بێت، من لە کوردستانەوە تا بەلوچستان و لە ئێرانەوە تا ئەفغانستان تێدەکۆشم، تا ئامانجەکانی (ژن، ژیان، ئازادی) بەدیدێن".

22ی کانونی یەکەمی هەموو ساڵێک لە ئێران یادی رۆژی ژن و دایک دەکرێتەوە، لە کاتێکدا رۆژانە ژمارەی ئەو ژنانەی لە زیندانەکاندا رووبەڕووی سزای قورس و سزای لەسێدارەدان دەبنەوە روو لەزیادبوونە.

وریشە مورادی ناسراو بە جوانا سنە، چالاکوانی مافی ژنان و ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان-کژار، لە 1ی ئابی 2023 دوای دەستبەسەرکردنی لە نزیک شاری سنە گوازرایەوە بۆ زیندانی ئەوین.





PM:05:00:23/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 1832 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت