بافڵ تاڵه‌بانی: هه‌وڵه‌كانی مه‌زڵوم عه‌بدی له‌م قۆناغه هه‌ستیاره‌دا بۆ پاراستنی ئارامیی ناوچه‌كه به‌رزده‌نرخێنین
وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌میانی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی باڵای پارتی یه‌كسانی و دیموكراتیی گه‌لان (ده‌م پارتی) رایگه‌یاند كه هه‌وڵه‌كانی مه‌زڵوم عه‌بدی له‌م قۆناغه هه‌ستیاره‌دا بۆ پاراستنی ئارامیی ناوچه‌كه به‌رزده‌نرخێنن، ده‌شڵێت: "پاڵپشتیی گه‌له‌كه‌مان ده‌كه‌ین له رۆژئاوا بۆ سه‌رخستنی ئامانجه‌كانیان".
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگه‌كه‌ی، بافڵ تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له مه‌كته‌بی سیاسی له هه‌ولێر پێشوازیی له وه‌فدێكی باڵای پارتی یه‌كسانی و دیموكراتیی گه‌لان (ده‌م پارتی) كرد كه پێكهاتبوون له تولای هاتیمۆغولاری ئۆروچ، هاوسه‌رۆكی ده‌م پارتی و ئه‌برو گونای، جێگری هاوسه‌رۆكی ده‌م پارتی و لێپرسراوی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه، و به‌ردان ئۆزتورك، وته‌بێژی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌م پارتی.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سوڵ، لێپرسراوی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كان و سالار سه‌رحه‌د، لێپرسراوی په‌یوه‌ندییه كوردستانییه‌كان ئاماده‌بوون، دۆخی سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌تایبه‌ت سوریا گفتوگۆی له‌باره‌وه‌كرا و جه‌خت له چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ی كێشه‌كان و دووركه‌وتنه‌وه له بژارده‌ی شه‌ڕ كرایه‌وه.
وه‌ك له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه "هه‌ردوولا جه‌ختیان له پاراستنی مافه‌كان و رێزگرتن له ئیراده‌ی سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه و پێكهاته‌كانی سوریا به‌تایبه‌ت گه‌لی كورد كرده‌وه، داواشكرا هه‌مووان پێكه‌وه به یه‌كسانی بڕیار له چاره‌نووسی وڵاته‌كه بده‌ن و قۆناغێكی نوێی حوكمڕانی بهێننه كایه‌وه".
لای خۆیه‌وه بافڵ تاڵه‌بانی په‌رۆشیی یه‌كێتی بۆ گه‌یشتن به چاره‌سه‌رێكی ئه‌رێنی له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌شیی راسته‌قینه بۆ داهاتووی سوریا دووپاتكرده‌وه و رایگه‌یاند كه "پشتیوانیی هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه ده‌كه‌ین كه ئامانجه‌كه‌ی پاراستنی مافه‌كانی گه‌لی كورده له سوریا، پاڵپشتیی گه‌له‌كه‌شمان ده‌كه‌ین له رۆژئاوا بۆ سه‌رخستنی ئامانجه‌كانیان".
وتیشی: "هه‌وڵه‌كانی مه‌زڵوم عه‌بدی له‌م قۆناغه هه‌ستیاره‌دا بۆ پاراستنی ئارامیی ناوچه‌كه به‌رزده‌نرخێنین و هیوادارین هه‌موولایه‌ك به‌هه‌مان رۆحییه‌ته‌وه هه‌وڵ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بده‌ن".
له كۆتایی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه كه "له‌به‌رامبه‌ردا وه‌فدی باڵای ده‌م پارتی پێزانینان بۆ هه‌ڵوێستی كوردستانییانه‌ی بافڵ تاڵه‌بانی و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌ربڕی كه وه‌ك هه‌میشه هاوكار و پشتیوانبوون بۆ پاراستنی مافی كورد و روونیان كرده‌وه، ده‌م پارتی به سیاسه‌تێكی نیشتمانییانه‌وه كار بۆ به‌دیهێنانی ئاشتی و سه‌قامگیری ده‌كات، بێگومان هه‌وڵه‌كانیشمان له‌پێناو پاراستنی مافه‌كانی گه‌لی كورد له سووریا به‌رده‌وامده‌بێت.
PM:09:34:22/12/2024
ئه‌م بابه‌ته 2792
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت