وه‌زیری پێشمه‌رگه‌: دوو ناوچه‌ی سه‌ركردایه‌تی داده‌مه‌زرێنین


وێستگه‌نیوز-
وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ دوو ناوچه‌ی سه‌ركردایه‌تی داده‌مه‌زرێنین بۆ رێكخستنه‌وه‌ و یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان.


به‌گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوێكی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ 22ی كانونی یه‌كه‌می 2024 شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی باڵای كرد له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ كه‌ عه‌بدولخالق باپیری بریكاری وه‌زاره‌ت، فه‌ریق روكن عیسا عوزێر سه‌رۆكی ئه‌ركان، لیوا روكن به‌ختیار محه‌مه‌د ئه‌مینداریی گشتیی، فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی 70 و 80ی هێزی پێشمه‌رگه‌ و فه‌رمانده‌ی فیرقه‌ی 2 و 4ـی پیاده‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و كۆڵۆنێڵ براندستێته‌ر، به‌رپرسی تیمی راوێژكارانی سه‌ربازی هاوپه‌یمانان له‌ هه‌رێمی كوردستان و تیمی یاوه‌ری ئاماده‌بوون.

ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌ كه‌ "ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌كه‌، گفتوگۆكردن و بڕیاردان بوو له‌باره‌ی پرۆژه‌یه‌كی ئاماده‌كراو بۆ دامه‌زراندنی دوو ناوچه‌یی سه‌ركردایه‌تیی كه‌ له‌ 11 فیرقه‌ی سه‌ربازی پێكهاتوون له‌ژێر سه‌ركردایه‌تی و كۆنترۆڵی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا ده‌ستبه‌كارده‌بن.

وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ وتی‌: "دوو ناوچه‌ی سه‌ركردایه‌تی داده‌مه‌زرێنین بۆ رێكخستنه‌وه‌ و یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ ژێر سه‌ركردایه‌تی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا كاروباره‌كانیان رێكده‌خه‌نه‌وه‌ و ده‌ستپێكی قۆناغێكی نوێ ده‌بێت بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان".

وه‌ك راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ باسی‌ كردووه‌، به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ گرنگیه‌وه‌ باس له‌ دامه‌زراندنی ژێرخانی سه‌ربازیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ كرا. هه‌مووان هاوڕابوون كه‌ ئه‌م ژێرخانه‌  پاڵپشت و پشتیوانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌بێت له‌ بنیاتنانی هێزێكی نیشتمانی یه‌كگرتووی كوردستانی كه‌ پارێزگاری له‌ خه‌ڵك و خاكی كوردستان ده‌كات له‌ هه‌ر مه‌ترسییه‌ك كه‌ له‌ ئێستا و ئاینده‌دا رووبه‌روومان ده‌بێته‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا به‌ "ده‌سته‌كاربوونی هه‌ردوو ناوچه‌ی سه‌ركردایه‌تی كه‌ هه‌موو  هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی تێدا رێكده‌خرێته‌وه‌، له‌ چوارچێوه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا جێگیرده‌بن له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2025وه‌".

له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا، به‌ كۆی ده‌نگی هه‌مووان ره‌زامه‌ندیدرا؛ له‌سه‌ر بنیاتنانی بنه‌ماكانی یه‌كه‌یه‌كی یه‌كگرتووی ژمێریاری سه‌ربازی بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان.



PM:07:50:22/12/2024






















ئه‌م بابه‌ته 4592 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت