شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە مەراسیمی هەڵدانەوەی گۆڕێکی بە کۆمەڵ: ئەو خەمەی کە بینیمان هی باسکردن نییە


وێستگەنیوز_

لە ناوچەیەکی دوورەدەستی عێراق، گۆڕێکی بەکۆمەڵ هەڵدەدرێتەوە، کە ئێسکوپروسکی نزیکەی 150 ژن و منداڵی کوردی تێدایە، هەموویان پێش ئەوەی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکەدا بشاردرێنەوە، گوللـەیان لێ دراوە.
 
گۆڕە بەکۆمەڵەکە، دەکەوێتە ناوچەی تەل شێخ، سەر بە قەزای سەلمان لە پارێزگای سەماوە، 130 کیلمەتر لە ناوەندی پارێزگای سەماوە دوورە.
 
گۆڕە بەکۆمەڵەکە لە مانگی ئایاری ئەمساڵ لە رێگەی مانگی دەستکردەوە دۆزراوەتەوە و ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی 12ـی 2024 پرۆسەی هەڵدانەوەی دەستیپێکرد.

پرۆسەکە بە ئامادەبوونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عێراق و پارێزگاری سەماوە بەرێوەچوو.

ماوەی هەفتەیەکە کارکردن لە گۆڕە بەکۆمەڵەکەدا دەستیپێکردووە و زیاتر لە دوو چین رووفاتی تێدایە کە سەرجەمیان رووفاتی ژن و منداڵی کوردن؛ و جلوبەرگی رەنگاورەنگی کوردییان پۆشیوە.

ئەم گۆڕە بە کۆمەڵە هەفتەیەکە دۆزراوەتەوە بەڵام دەوترێت "پێشتر ئەمریکییەکان  بەدوای گۆری کوەیتییەکاندا گەراون دۆزیویانەتەوە و کە زانیویانە ئەوان نین، داپۆشراوەتەوە."

ئەم گۆڕە بە کۆمەڵە لەلایەن تیمی نیشتیمانی تایبەتمەند لە لێکۆڵینەوە و گەڕان، کە پێکهاتوون لە فەرمانگەی پزیشکی  دادوەری لە وەزارەتی تەندروستی و فەرمانگەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە دامەزراوەی شەهیدان و لیژنەی نێودەوڵەتی بۆ کاروباری بێسەروشوێنبوان ICMP و تیمی نوسینگەی خانمی یەکەمی عێراق کە بە سەرپەرشتی و چاودێری ڕاستەوخۆی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کاری تێدا دەکريت

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە کۆنگرەکی رۆژنامەوانیدا بە وێستگەنیوزی راگەیاند: "ئەو خەمەی کە بینیمان، هی باسکردن نییە، ئەم کەسانە هەمووی بە ئۆتۆمبێلی جۆری 'زیل'ـی سەربازی هێندراون بۆ ئێرە و رێگەی ئۆتۆمبێلی نەبووە."

وتیشی: "بینیمان ژنەکان باوەشیان بە منداڵەکاندا کردووە، منداڵەکان باوەشیان بە یەکتردا کردووە و جلی بەهارەیان پۆشیوە. دەبێت چی ئازارێکیان چەشتبێت؛ هەموو فیشەکەکان بەسەر سەریانەوەیە."

دووپاتیشیکردەوە، "ئەم تاوانە، ئەگەر بێدەنگ بین لە ئاستیدا تاوانە. دوژمنەکانمان هەرگیزا و هەرگیز گوێیان نەداوەتە ئەوەی ئەمە ژنە، منداڵە، پیاوە، یاخود خەڵکی کوێیە! هەموویان بەیەک چاو سەیر کردووە، تەنها خۆمانین کە بەیەک چاو تەماشای یەکتر ناکەین و وانە لە رابردوو وەرناگرین، جێگەی داخە کە لەکاتی نەهامەتی و کێشەدا پشت دەکەینە یەکتر."

پێشتر لە مەراسیمی گەڕاندنەوەی رووفاتی 172 شەهیدی ئەنفالکراو؛ و بەخاکسپاردنیان لە رۆژی 21ی شوباتی 2024 لە قەزای چەمچەماڵ، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رایگەیاند: "بەردەوام دەبین لەم ئەرکە نیشتمانی و مرۆییە تا گێڕانەوەی رووفاتەکانی نێو گۆڕە بەکۆمەڵەکان بۆ زێدی خۆیان."

ئاماژەی بەوەشکرد، "زۆر کەس دەڵێت کەسوکارى ئەنفال توڕەن، ئەى توخوا توڕەنەبن چی بکەن؟ لە 1988ـەوە تۆ کچەکەت، بوکەکەت، کوڕەکەت و منداڵەکەتیان لەبەرچاوت بردووە و تاوەکو ئێستا تۆ چاوەڕێ دەکەیت. ئەشڵێن توڕەن.. من سەرى رێزیان بۆ دائەنەوێنم بەڵێنێکیشە داومە، ئیش لەسەر ئەو کەیسە ئەکەم و وازیش ناهێنم."

لە عێراقدا لە ساڵی 2007ـوە  ڕۆژی 16ـی ئایار بە ڕۆژی نیشتمانی گۆڕە بە کۆمەڵەکان دیاریکراوە، وەک رۆژێک بۆ ڕێزگرتن لە قوربانیانی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و هەڵوەستەکردن لەسەر تاوانەکانی جینۆساید، 

دوای 17 ساڵ لە دیاریکردنی ئەم ڕۆژە و هاوکات دوای 21 ساڵ لە روخانی ڕژێمی بەعس، تائێستا پرسی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی ئەنفالکراوان و جینۆسایدکراوانی کورد، یەکێکە لە پرسە پەراوێزخراوەکان لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان

بەپێی داتاکان، لە سەرجەمی عێراقدا، 301 گۆڕی بە کۆمەڵ سەردەمی ڕژێمی بەعس دۆزراونەتەوە کە لەو ژمارەیە زیاتر لە 80% گۆڕی روفاتی جینۆسایدکراوانی کوردن هەن ، تا ئێستا تەنها 12 گۆڕی بە کۆمەڵی ئەنفالکراوانی تاوانی ئەنفال و 5 گۆڕی بە کۆمەڵی جینۆسایدکراوانی تاوانی جینۆسایدی بارزانیەکان هەڵدراوەنەتەوە ، لە کۆی 182 هەزار جینۆسایدکراوی تاوانی ئەنفال و هه‌شت هه‌زار قوربانی جینۆساید بارزانییەکان و دەیان هەزار قوربانی جینۆسایدی کوردانی فەیلی، تائێستا ژمارەی ئەو روفاتانەی هێنراونەتەوه.


PM:04:17:22/12/2024












ئه‌م بابه‌ته 1796 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت