مەزڵووم عەبدی: داوای جیابوونەوەمان لە سووریا نەکردووە و دەمانەوێت نوێنەرایەتی ناوچەکانی خۆمان بکەین


وێستگەنیوز_

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕەتیدەکاتەوە داوای فیدراڵییەت بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بکەن و دەڵێت: تەنها دەمانەوێت لە چوارچێوەی سووریادا نوێنەرایەتیی پارێزگا و ناوچەکانمان بکەین."

فەرماندەی هەسەدە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فرانس24 دەڵێت: "هیچ داواکارییەکمان بۆ فیدراڵیی نییە، بەڵکو دەمانەوێت سووریایەکی لامەرکەزی لە ناوچە کوردییەکانیش ئیدارەیەکی خۆسەر هەبێت. دەمانەوێت بەشێک بین لە سووریا و لەو بەشەی سووریاشدا کە هەین، نوێنەرایەتیی ئەو پارێزگایانە بکەین و بە هێزەوە بەشداری لە پرۆسەی سیاسیی و بنیاتنانەوەی سووریای نوێدا بکەین."

مەزڵووم عەبدی دەڵێت: "تاوەکو ئێستا هەڵوێستەکانی ئیدارەی نوێی دیمەشق ئەرێنین و ئێمەش بە ئەرێنییەوە لە هەڵوێستەکانیان دەڕوانین، بەڵام ئێستا ئێمە لە دۆخی شەڕداین، هەرچەندە هیچ پێکدادانێکمان لەگەڵ بەرەی تەحریر شام نییە،  بەڵام پێویستە لە پێناو داهاتوودا دانوستان بکەین، بۆ ئەمەش ئامادەین تاوەکو بەم نزیکانە دانوستانەکان دەستپێبکەین." 

ئاشکراشیکردوە، "لە پێناو ڕازیکردنی تورکیا، هەسەدە، چەکدارەکانی لە سنووری کۆبانێ کشاندووەتەوە، بەڵام داوای چەک هەڵگرتنی لە دانیشتووانی شارەکە کردووە چونکە ئێستا کۆبانێ لە مەترسیدایە و هیوادارین خەڵکی بەدەم بانگەوازەکەوە بێن و بۆ ئەوەی بەرەنگاری هەر هێرشێک ببنەوە، ئەگەر بکرێتە سەر شارەکەیان."

"تورکیا لە هێرشەکانی بەرەو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بەردەوامە و لە کۆبانێ نزیک بوونەتەوە، بە تایبەت لە قەراغی چەمی فورات و سنووری شارۆچکەی مەنبج شەڕ و پێکدادان بەردەوامە." مەزڵووم عەبدی وای وت. 

وتیشی: "بۆ دڵنیاییدان بە تورکیا کە هەسەدە نابێتە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا، هێزەکانمان لە کۆبانێ کشاندووەتەوە و ئێستا هێزەکانی ناوخۆ ئاسایشی کۆبانێ و ناوچەکە دەپارێزن، ئەمەش تەنیا بۆ ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکانی تورکیایە و بڕیاریشە ئەمریکا کە نێوەندگیریمان دەکات، لەگەڵ حکومەتی تورکیا گفتوگۆ بکەن."

لە کۆتاییشدا دەڵێت: "وەک سووریای دیموکرات لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و حکومەتی نوێی دیمەشق گفتوگۆ دەکەن و داوایان لێ دەکەن تاوەکوو ڕێگریی لە هێرشەکانی تورکیا بکەن، بە تایبەتیش حکوومەتی نوێی سووریا پێویست بە ئەرک و ڕۆڵی خۆی هەڵسێت، چونکە ئەم ناوچانە بەشێکن لە خاکی سووریا."


PM:02:27:22/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 1548 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت