وه‌زيرى به‌رگريى ئيتاڵيا بۆ نێچیرڤان بارزانی: به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان دەڕوانین


وێستگەنیوز-

به‌يانيى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 22ی کانونی یەکەمی 2024، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازيى له‌ گويدۆ كرۆسێتۆ، وه‌زيرى به‌رگريى ئيتاڵيا كرد.


بەپێی راگەیەندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بێت، له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا کە شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، جێگرى سه‌رۆك و باڵيۆزى ئيتاڵيا له‌ عێراق و ژماره‌يه‌ك له‌ به‌رپرسانى هه‌ردوولا ئاماده‌ى بوون، په‌يوه‌ندييه‌كان و هاريكاريى هاوبه‌شى سه‌ربازى و ئه‌منيى ئيتاڵيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، پشتگيرى و رۆڵى هێزه‌كانى ئيتاڵيا له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر، دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و مه‌ترسييه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش، تاوتوێ كران.

نێچيرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانينی بۆ پشتگيرى و هاوكاريى ئيتاڵيا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، به‌تايبه‌تى له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و تێكشكاندنى داعشدا دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماده‌يى و خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودانى زياتر به‌ هاريكاريى هاوبه‌ش و پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌ربڕى.

لاى خۆيه‌وه‌ وه‌زيرى به‌رگريى ئيتاڵيا جه‌ختى كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ى وه‌ك هاوبه‌شێكى گرنگ، به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا ده‌ڕوانێت، بۆ ئه‌وه‌ش له‌ هه‌موو بواره‌كاندا له‌ پشتگيرى و هاوكاريييه‌كانى به‌رده‌وام ده‌بێت، هه‌روه‌ها ستايشى رۆڵى پێشمه‌رگه‌ى له‌ شه‌ڕى دژى تيرۆر و تێكشكاندنى داعشدا كرد و رۆڵ و پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستانى له‌ ناوچه‌كه‌دا به‌زر نرخاند.

هه‌ردوولا باسيان له‌ جموجوڵ و هه‌وڵه‌كانى خۆڕێكخستنه‌وه‌ى داعش كرد و هاوڕابوون كه‌ هێشتا مه‌ترسييه‌كى راسته‌قينه‌يه‌ و هه‌‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسايش و سه‌قامگيريى عێراق و سووريا و ناوچه‌كه‌ ده‌كات، بۆيه‌ به‌رده‌واميى پشتگيريى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تييان بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، به‌ پێويست زانى، هه‌روه‌ها جه‌ختيان له‌ گرنگيى تێوه‌نه‌گلانى عێراق له‌ كێشه‌ و ئاڵۆزييه‌كانى ناوچه‌كه‌، كرده‌وه‌.

دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى ناوچه‌كه‌، به‌تايبه‌تى گۆڕانكارييه‌كانى سوريا و كاريگه‌رييه‌كانى له‌گه‌ڵ چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.


AM:11:35:22/12/2024






ئه‌م بابه‌ته 1772 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو