حکومەتی هەرێم: مەسرور بارزانی و مایکل واڵتز، کۆنگرێسمانی ئەمریکی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکایان تاوتوێکرد
وێستگەنیوز-
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆنگرێسمان واڵتز پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکایان تاوتوێکرد.
لە راگەیەندراوێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ شەممە 21ی کانونی دووەمی 2024 مەسرور بارزانی, سەرۆکی حکومەتی کوردستان و مایکل واڵتز، کۆنگرێسمانی ئەمریکی، کە بەم دواییە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکاوە، وەک راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی دەستنیشانکرا لەڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە، چەندین بابەتیان تاوتوێ کرد".
بەپێی راگەیەندراوی حکومەتی هەرێم بێت، "لە پەیوەندییەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچە کران و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کرایەوە".
ئاماژە بەوەشکراوە، "سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی لە کۆنگرێسمان واڵتز کرد بە بۆنەی دەستنیشانکردنی و ستایشی تێگەیشتنی قووڵی ئەوی لە بابەتە ئەمنی و پەیوەندیدارەکانی ناوچەکە کرد".
باس لەوەشکراوە، "بیروڕایان لە بارەی دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا ئاڵوگۆڕ کرد و هەردوولا جەختیان لە گرنگی گۆڕانکاریی دیموکراسییانە و پتەوکردنی هاریکاری و هاوئاهەنگی نێودەوڵەتی لەمبارەیەوە کردەوە".
بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان، تایبەت بوو بە رۆڵی گرنگی هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی جێی متمانە لە ناوچەکە و پابەندبوون بە بەها و ئامانجە هاوبەشەکانی ئاشتی و ئاسایش. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان و دڵنیابوون لە بەردەوامبوونی سەقامگیری.
PM:10:40:21/12/2024
ئهم بابهته 3648
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت