بافڵ تاڵەبانی بۆ سودانی: هاوکار و پشتیوان بە بۆ دابینكردنی شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان
وێستگەنیوز-
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 21ی کانونی یەکەمی 2024، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەغدا کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا دوایین رووداو و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوەکرا، جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان و یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان بۆ دوورخستنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە لە عیراق و هەرێمی کوردستان کرایەوە.
لەدرێژەی کۆبوونەوەکەدا پابەندبوونی حکومەت بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەشێوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانەوە بۆ سەرجەم هاوڵاتییان دووپاتکرایەوە.
کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک تەوەرێکیتری کۆبوونەوەکە بوو و لەوبارەیەوە بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، "یەکێتی لەگەڵ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیدایە بۆ تەوتینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، داواشی لە سەرۆک وەزیران کرد وەک هەمیشە هاوکار و پشتیوان بێت بۆ پارێزگاریکردن لە ماف و شایستەداراییەکانی خەڵکی کوردستان و رێگری لە بەسیاسیکردنی ئەم پرسە نیشتمانییە بکرێت".
هەر لەکۆبوونەوەکەدا خێراترکردنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە و هێنانەکایەی حوکمڕانییەکی خزمەتگوزار و دادپەروەر جەختیلێکرایەوە و لەو رووەشەوە بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد، "هەڵوێستی ئێمە سەبارەت بە پرسی حکومەتی نوێ روونە و دەمانەوێت یەکسانی و دادپەروەری بنەمای حکومەتی داهاتووبێت، دوور لە جیاکاری خزمەتی هەموولایەک بکات، ئامانجەکەی بەهێزترکردنی کوردستان بێت و توانای چارەسەکردنی کێشەکانی پەیوەست بە ژیانی خەڵکی هەبێت".
PM:07:49:21/12/2024
ئهم بابهته 4116
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت