شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د: كوشتنی رۆژنامه‌نووسان له‌لایه‌ن توركیاوه‌، كرده‌وه‌یه‌كی نوێ نییه‌


وێستگه‌نیوز-
خانمی‌ یه‌كه‌می‌ عێراق سه‌رباری ئیدانه‌كردن و شه‌رمه‌زاركردنی تاوانی‌ شه‌هیدكردنی‌ دوو رۆژنامه‌نووسی‌ كورد له‌لایه‌ن توركیاوه‌، داواكاره‌ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی به‌رامبه‌ر به‌م ناهه‌قیی و تاوانانه‌ بێده‌نگ نه‌بێت و چیتر رێگه‌نه‌درێت خوێنی ڕۆڵه‌كانی سوریاو رۆژئاڤا بڕژێت.


خاتوو شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د خانمی یه‌كه‌می عێراق په‌یامێكی‌ ده‌رباره‌ی‌ تێرۆركردنی  رۆژنامه‌نووسان "جیهان بیلگین و نازم داشتانی" بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا ده‌ڵێت: "له‌ قوڵایی ناخمه‌وه‌، دڵگرانم به‌ بیستنی‌ هه‌واڵی تێرۆكردنی هه‌ردوو رۆژنامه‌نووسی كورد  (جیهان بیلگین) و (نازم داشتانی)، كه‌ له‌ ڕێگای نێوان به‌نداوی تشرین و شارۆچكه‌ی سرینێ، كاتێك سه‌رقاڵی ڕووماڵی میدیایی بوون، تێرۆركران".

له‌ په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌ "مخابن، هه‌وڵه‌ داگیركارییه‌كانی سه‌ر رۆژئاڤای كوردستان ته‌نیا به‌تێرۆركردنی ‌جه‌سته‌ی هاووڵاتیانی سیڤیل نه‌وه‌ستاوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو ڕووی چه‌كه‌كانیان ده‌كه‌نه‌ رۆژنامه‌نووسان بۆ كپكردنی ده‌نگه‌ ئازاده‌كان و رێگریكردن له‌ گه‌یاندنی هه‌واڵ و زانیارییه‌كانی رۆژئاڤا به‌جیهانی ده‌ره‌وه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ هێنده‌ی تر نیگه‌رانمان ده‌كات بێده‌نگی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تییه‌ به‌رامبه‌ر به‌م كاره‌ قێزه‌ون و تێرۆركردنه‌ كه‌ دژ به‌ مافی مرۆڤ و ئازادی كاری رۆژنامه‌وانییه‌، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و ڕاستییه‌ بزانن كه‌  ئه‌وانه‌ی رۆژنامه‌نووسان تێرۆر ده‌كه‌ن، ده‌بێت هه‌تا ماون له‌ ترسدا بژین، چونكه‌ قه‌ڵه‌م و كامێرای ناو ده‌ستی ڕۆڵه‌كانی كۆبانێ، رۆژئاڤا و سوریا، له‌ چه‌ك و جبه‌خانه‌كان به‌هزتره‌ و نه‌ تێرۆر و نه‌ كۆمه‌ڵكوژییه‌كانیان ناتوانن  ده‌نگه‌ بوێر و ئازاكانی جیهان و رۆژئاڤا كپ بكه‌ن".

خانمی یه‌كه‌می عێراق نووسیویه‌تی‌: "پاش زیاتر له‌ده‌یه‌یه‌ك تێكۆشانی پێكهاته‌كانی سوریا و سه‌رهه‌ڵدانی تروسكاییه‌كی ئومێدبه‌خش بۆ سه‌قامگیری وڵاته‌كه‌ و گۆڕانكاری سیسته‌می حكومڕانی و سیاسیی، به‌ڵام هاوشێوه‌ی هێرش و داگیركارییه‌كانی بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و عێراق و به‌سه‌ربازگه‌كردنی به‌شێكی وڵاته‌كه‌، توركیا هێرشه‌ چه‌كدارییه‌كانی بۆ سه‌ر سوریا ده‌ستپێكردوه‌ و بۆته‌ هۆی تێكدانی ئاسایشی وڵاته‌كه‌ و رێگره‌ له‌به‌رده‌م پڕۆسه‌ی بونیادنانه‌وه‌ی سوریایه‌كی نوێ و به‌رقه‌راركردنی ئاشتیی و به‌دیهێنانی مافی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی وڵاته‌كه‌".

روونیشیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "كوشتنی رۆژنامه‌نووسان له‌لایه‌ن توركیاوه‌، كرده‌وه‌یه‌كی نوێ نییه‌، به‌ڵكو توركیا تۆمارێكی ره‌شی مێژوویی هه‌یه‌ له‌ داگیركاری و تێرۆركردنی رۆژنامه‌نووسان و كوشتنی ژن و منداڵ و خه‌ڵكی سیڤیل به‌گشتی، هه‌روه‌كچۆن رۆژانه‌ هێرشی ناڕه‌وا ده‌كاته‌ سه‌ر خاكی سوریا و رۆژئاڤا به‌ تایبه‌ت شارێكی وه‌كو كۆبانێ كه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان به‌ سیمبۆلی خۆڕاگری داده‌نرێت له‌هه‌مبه‌ر تێكشكاندنی دڕه‌نده‌ترین گروپی تێرۆریستی وه‌كو داعش".

شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ده‌شڵێت: "سه‌رباری ئیدانه‌كردن و شه‌رمه‌زاركردنی ئه‌و تاوانه‌، كه‌ دژ به‌ رۆژنامه‌نووسان و خه‌ڵكی سیڤیله‌، داواكارم له‌ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی به‌رامبه‌ر به‌م ناهه‌قیی و تاوانانه‌ بێده‌نگ نه‌بێت و چیتر رێگه‌نه‌درێت خوێنی ڕۆڵه‌كانی سوریاو رۆژئاڤا بڕژێت".

جه‌ختی‌ له‌وه‌شكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "پێویسته‌ سنورێك بۆ ئه‌م وه‌حشیگه‌رییه‌ و ئه‌و عه‌قڵیه‌ته‌ فاشستیه‌ دابنرێت و له‌دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌ستبه‌جێ لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆ ده‌ست پێبكرێت بۆ خستنه‌ڕووی ڕاستییه‌كان بۆ جیهان".

شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "لێره‌وه‌و به‌م بۆنه‌ خه‌مناكه‌وه‌، هاوخه‌می و پرسه‌ی خۆم ئاڕاسته‌ی خانه‌واده‌ی هه‌ردوو رۆژنامه‌نووس و شاری كۆبانێی سیمبولی خۆڕاگریی و كوردانی رۆژاڤای كۆڵنه‌ده‌ر ده‌كه‌م".


AM:09:35:21/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 1064 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت