"له‌ گوندێكی‌ كه‌ركوك ئاڵای‌ داعش هه‌ڵكرا"


وێستگه‌نیوز-
ئاڵای‌ داعش له‌ سه‌ر قوتابخانه‌یه‌كی‌ گوندێكی شاری‌ كه‌ركوك هه‌ڵكرا، لیژنه‌یه‌كی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ش له‌ رووداوه‌كه‌ پێكهێنراوه‌.


ئه‌مڕۆ هه‌ینی 20ی كانونی یه‌كه‌می 2024 میدیا عێراقییه‌كان له‌نێویاندا ئاژانسی‌ به‌غداد ئه‌لیه‌وم، له‌ زاری‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئه‌منییه‌وه‌ بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ "ده‌زگا ئه‌منییه‌كان لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌ رووداوی هه‌ڵكردنی ئاڵای داعش له‌سه‌ر قوتابخانه‌ی گوندی خالید له‌ ده‌وروبه‌ری قه‌زای داقوق له‌ كه‌ركوك ده‌ستپێكردووه‌".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ كه‌ ناوه‌كه‌ی‌ ئاشكرا نه‌كراوه‌، ده‌ڵێت: "به‌پێی‌ زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان ئاڵاكه‌ له‌سه‌ر ده‌رگای‌ قوتابخانه‌كه‌ هه‌ڵكراوه‌ و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان لێكۆڵینه‌وه‌یان ده‌ستپێكردووه‌ بۆ زانینی ناسنامه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌م كاره‌یان ئه‌نجامداوه‌".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ "هاوڵاتیانی‌ گونده‌كه‌ له‌ڕێی‌ پێدانی‌ زانیارییه‌وه‌ هاوكاری‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌كه‌ن".

سه‌رچاوه‌كه‌ رایگه‌یاند كه‌ "هه‌ڵكردنی ئاڵا به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌ خه‌ڵك پشتیوانی داعش ده‌كه‌ن، به‌ڵكو كارێكه‌ به‌ مه‌به‌ستی دروستكردنی پشێوی و ئاژاوه‌نانه‌وه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا و لێكۆڵینه‌وه‌كان ناسنامه‌ی تاوانباران ئاشكرا ده‌كه‌ن".

هه‌فته‌ی رابردوو رووداوێكی‌ هاوشێوه‌ له‌ قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ روویدا كه‌ ئاڵای داعش هه‌ڵكرا، چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ریش له‌ فه‌لووجه‌ دروشم و بڵاوكراوه‌كانی‌ داعش له‌سه‌ر چه‌ند دیوارێك نووسران، له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ش چه‌ند كه‌سێك ده‌ستگیر كران.


AM:11:47:20/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 3404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو