مەسعود بارزانی لەگەڵ نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمیان تاوتوێکرد


وێستگەنیوز-

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆبووەوە و تاوتوێی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دۆخی سوریایان کرد.


ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی کانونی یەکەمی 2024 لە سەڵاحەدین مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە محەمەد حەسسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و شاندی یاوەری کرد.

بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، لە دیدارەکەدا باس لە هەنگاوەکان و دیالۆگی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرا بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و جەخت لەسەر پێویستیی پێکهێنانی کابینەی تازە و دەستبەکاربوونی لەم دۆخە سیاسییە هەستیارەی ئێستا کرایەوە.

هەر لەم دیدارەدا رۆشنایی خرایە سەر پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سوریا و ناوچەکە بە گشتی و باس لە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و بیری توندڕۆیی کرایەوە و ئەگەری دزەکردنی تیرۆرستان لە سوریا بە مەترسییەکی جددی دانرا کە کاریگەریی بۆ سەر عێراق و ناوچەکە بە گشتیی دەبێت، هەر پەیوەست بەم باسەوە هەماهەنگیی ئەمنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدڕال بە گرنگ زانرا.

هەردوولاش هیوایان خواست دۆخی سوریا ئارامی و سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت و کێشە و گۆڕانکارییەکان بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لە بەرژەوەندیی گەلانی سووریا بگات بە چارەسەر.



PM:05:22:19/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 1844 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو