حاكم شێخ له‌تیف: یاسای نێوده‌وڵه‌تی به‌های ئه‌و مه‌ره‌كه‌به‌ی نییه‌ كه‌ پێی ده‌نووسرێته‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
حاكم شێخ له‌تیف پسپۆڕی‌ بواری‌ یاسا و په‌رله‌مانتاری‌ پێشوو له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق رایگه‌یاند كه‌ به‌پێی‌ بڕیاری‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌، گروپه‌كه‌ی جۆلانی تیرۆریسته‌، كه‌چی‌ ئێستا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ‌ ده‌كه‌ن، ده‌شڵێت: "یاسای نێوده‌وڵه‌تی به‌های ئه‌و مه‌ره‌كه‌به‌ی نییه‌ كه‌ پێی ده‌نووسرێته‌وه‌".

حاكم شێخ له‌تیف پسپۆڕی‌ بواری‌ یاسا و په‌رله‌مانتاری‌ پێشوو له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق له‌ نووسراوێكدا رایگه‌یاندووه‌ كه‌ "به‌گوێره‌ی بڕیاری ژماره‌ 2254ی ساڵی 2015 گروپه‌كه‌ی جۆلانی و داعش به‌ناو ناویان هاتوه‌ كه‌ تیرۆریستن و نابێ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ‌ بكرێت. ده‌وڵه‌تانی هاوپه‌یمانی جه‌نگ دژی داعشیش به‌ توركیشه‌وه‌ به‌هه‌مان شێوه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌مریكا 10 ملیۆن دۆلاریشی وه‌ك خه‌ڵات دیاریكردووه‌ بۆ هه‌ركه‌سێك هاوكار بێت له‌ گرتنی یان كوشتنی".

ئه‌و پسپۆڕه‌ی‌ بواری‌ یاسا ده‌ڵێت: "كه‌چی جۆلانی دوای ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر رژێمی به‌شاردا سه‌ركه‌وت و هێزی په‌یدا كرد، نێرده‌ی سكرتێری گشتی بێ گوێدانه‌ بڕیاره‌كه‌ی خۆیان سه‌ردانی كرد و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ‌ ده‌كه‌ن".

ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ "هه‌روا وڵاتانی تریش به‌ راسته‌وخۆ بێت یان ناڕاسته‌وخۆ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ‌ ده‌كه‌ن، توركیاش پاڵپشتی بوو و ده‌شڵێن بیر له‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌ لیستی تیرۆر ده‌ریبهێنین" .

حاكم شێخ له‌تیف نووسیویه‌تی‌: "كه‌چی ئه‌و هێزه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی  ته‌نها هێزی هاوكاری ده‌وڵه‌تانی هاوپه‌یمانی جه‌نگ دژی داعش بوو و له‌به‌ر چاوی هه‌موان كۆتایی به‌ ده‌وڵه‌تی تیرۆری داعش هێنا و له‌ پایته‌خته‌كه‌یان له‌ ره‌قه‌ ته‌پڵی سه‌ركه‌وتنی لێدا و ده‌یان هه‌زار شه‌هید و برینداری دا، ئێستا له‌لایه‌ن توركیاوه‌ به‌به‌رچاوی هه‌موو جیهان هێرشی ده‌كرێته‌ سه‌ر به‌بیاوی تیرۆره‌وه‌".

راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئه‌و هێزه‌ و هه‌موو كوردیش هه‌یه‌ له‌ رۆژئاوا كه‌ چی تا ئیستا هه‌نگاوی جددی و یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌ بۆ پاڵپشتیكردنیان نه‌نراوه‌".






PM:10:29:18/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 2508 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو