قوباد تاڵه‌بانی‌: گه‌لی كورد به‌ یه‌كگرتوویی هه‌وڵی گه‌ره‌نتیكردنی مافه‌كانیان له‌ سوریای نوێ بده‌ن


وێستگه‌نیوز-
جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان جه‌خت له‌ پێكهێنانی حكومه‌تێكی كارا و خزمه‌تگوزار له‌ هه‌رێم ده‌كاته‌وه‌، داواكاریشه‌ گه‌لی كورد له‌ رۆژئاوای كوردستان به‌ یه‌كگرتوویی هه‌وڵی گه‌ره‌نتیكردنی مافه‌كانیان له‌ سوریای نوێ بده‌ن.

قوباد تاڵه‌بانی‌ جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیران رایگه‌یاند كه‌ "له‌ دوو كۆبوونه‌وه‌ی جیادا له‌گه‌ڵ یان شنایدۆڤ، باڵیۆزی نوێی كۆماری چیك و یان برێم، كونسوڵی گشتیی فه‌ڕه‌نسا جه‌ختمان كرده‌وه‌ له‌سه‌ر چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تێكی كارا و خزمه‌تگوزار كه‌ بتوانێت داواكارییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان وه‌ك كێشه‌ی بودجه‌ و موچه‌ و كێشه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان چاره‌سه‌ر بكات و له‌م قۆناغه‌ هه‌ستیار و ئاڵۆزه‌ی ناوچه‌كه‌شدا پارێزگاری له‌ سه‌قامگیری سیاسی و ئه‌منی هه‌رێمی كوردستان بكات".

جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیران راشیگه‌یاند كه‌ سه‌باره‌ت به‌ دۆخی سوریا داوامان كرد "گه‌لی كورد له‌ رۆژئاوای كوردستان به‌ یه‌كگرتوویی و یه‌كڕیزییه‌وه‌ هه‌وڵی دابینكردن و گه‌ره‌نتی كردنی مافه‌كانیان له‌ سوریای نوێ بده‌ن".


PM:07:37:18/12/2024






ئه‌م بابه‌ته 644 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو