د. به‌رهه‌م ساڵح و عه‌لی باپیر هۆشداری‌ ده‌ده‌ن


وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆك كۆماری پێشووی عێڕاق و سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی هۆشداری‌ ده‌ده‌ن له‌وه‌ی‌ كورد له‌سه‌ر ئه‌م شێوازی حوكمڕانییه‌ی ئێستای به‌رده‌وام بێت، میلله‌ته‌كه‌مان زه‌ره‌ری گه‌وره‌ ده‌كات.

به‌گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوێكی‌ نووسینگه‌كه‌ی‌، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 16 / 12 / 2024 عه‌لی باپیر سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان، پێشوازیی كرد له‌ دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح سیاسه‌تمه‌داری كورد و سه‌رۆك كۆماری پێشووی عێڕاق.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ "له‌ دیداره‌كه‌ باس له‌ گۆڕانكارییه‌كانی سوریا كرا، كه‌ گۆڕانكاریی گه‌وره‌ن و جیاوازیشن وه‌ك له‌ ڕابردوو، هه‌ردوو لا بیروڕایان ئاڵوگۆڕ كرد له‌باره‌ی ئه‌وه‌ كه‌ كوردانی خۆرئاوا چۆن سوود له‌ ئه‌زموونه‌ تاڵه‌كانی ڕابردوو وه‌ربگرن و، لایه‌نه‌ كوردییه‌كان به‌ جۆرێك مامه‌ڵه‌ بكه‌ن له‌م گۆڕانكارییانه‌دا گه‌لی كورد قازانج بكات".

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو كه‌ له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌، باس له‌ ڕه‌وشی ناوخۆیی هه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندیی نێوان لایه‌نه‌كان و بارودۆخی هاوڵاتیان كرا و، هه‌ردوو لا هاوڕا بوون كه‌ "ئه‌گه‌ر كورد له‌سه‌ر ئه‌م شێوازی حوكمڕانییه‌ی ئێستای به‌رده‌وام بێت و، ناوماڵی كورد هه‌روا په‌رته‌وازه‌ بێت و، ده‌سه‌ڵاتداران بێخه‌م بن له‌ ئاست مووچه‌ و بژیوی فه‌رمانبه‌ران و خه‌ڵك به‌ گشتی، ئه‌وا له‌ داهاتوودا میلله‌ته‌كه‌مان زه‌ره‌ری گه‌وره‌ی لێده‌كات".


PM:08:04:16/12/2024






ئه‌م بابه‌ته 7068 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو