دەزگایی میدیایی کوردسات سکاڵای یاسایی لەسەر هانا چۆمانی تۆمار دەکات


وێستگەنیوز_

دوای ئەوەی هانا چۆمانی، نووسەر و ڕۆژنامەنووس راپۆرتێکی لەسەر بابەتێک بڵاوکردەوە و تێیدا کەناڵی کوردساتی "بە بەکارهێنانی هەژماری بانکی کارمەندەکانی و راکێشان و گواستنەوەی ملیاران دینار" تۆمەتبار کرد، دەزگای میدیایی کوردسات سکاڵای یاسایی لەسەر ناوبراو تۆمار دەکات.

ئەمرۆ دووشەممە 16ـی 12ـی 2024، دەزگای میدیایی کوردسات روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا دەڵێت: "کەسێك چەندین زانیاری ناڕاستی لەسەر دەزگاکەمان بڵاوکردووەتەوە، بۆیە ڕاستەوخۆ پێش بڵاوکردنەوەی بابەتەکە ڕاوێژکاری یاسایی دەزگای میدیایی کوردسات پەیوەندیمان بە کەسی ناوبراوەوە کرد و رونکردنەوەی تەواومان لەسەر بابەتەکە پێدا کە ئەو بابەتە دوورو نزیک پەیوەندیی بە کوردساتەوە نیەو کۆنەو هی ساڵێک لەمەو بەرە و هەر ئەوکاتەش بانکی ناوبراو ڕوونکردنەوەی بڵاوکردەوە، ئێمەش لێرەوە دەمانەوێت بۆ هانا چۆمانی و سەرجەم رۆژنامەنوسان روونبکەینەوە کە بابەتێکی لەو جۆرە دوورونزیک رووینەداوە ئەو کێشەیە نە دەزگاکەمان و نە کارمەندان لێی بەرپرس نین."

لە راگەیەندراوەکەی کوردساتدا هاتووە، "ناشزانین بۆ لەم بارودۆخەدا کە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت مەبەست لە گەرمکردنەوەی بابەتێکی ساڵی رابردوو چییە، هەربۆیە بە مافی یاسایی خۆمانی دەزانین کە لەدادگاکانی هەرێمی کوردستان سکاڵای یاسایی تۆمار بکەین لەسەر ناوبراو."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەرێگەی پارێزەرانەوە لە وڵاتی هۆڵەنداش بە هەمان شێوە سکاڵای یاسایی لەسەر ناوبراو تۆمار دەکەین چونکە سەرەڕای ناوزڕاندنی دەزگاکەمان؛ پێشتر روونکردنەوەمان داوە بە بەڕێزیان و تەنانەت ئەو بەڵگەیەی بڵاوی کردووەتەوە خۆمان بۆمان ناردووە و داواکارین هاوڕێیان و هاوکارانیشمان لە میدیاکارانی بەڕێز بەهەمان شێوە نەکەونە هەڵەی کاک هانا چۆمانی'ـەوە."

ئەمە لە کاتێکدایە، هانا چۆمانی، کەناڵی کوردسات تۆمەتبار دەکات بەوەی "هەستاوە بە بەکارهێنانی هەژماری بانکی کارمەندانی دەزگاکەی و 700 ملیار دیناری عێراقی واتا زیاتر لە نیو ملیار دۆلار راکێشراوە و گواستراوەتەوە."

چۆمانی دەڵێت: "بەڵگەم لایە کارمەند هەیە لەماوەی نزیکی 15 رۆژدا، سێ ملیار دیناری عێراقی بەناوییەوە راکێشراوە و خۆی ئاگادار نەبووە."

وێنەی روونکردنەوەی بانک لەسەر ئەو بابەتە:



AM:11:44:16/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 13472 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو