ئاسایشی سلێمانی: تۆمەتبارانی کوشتنی شۆفێری تەکسییەکەمان دەستگیرکرد
وێستگەنیوز_
ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، تۆمەتبارانی کوشتنی ئەو هاوڵاتییەیان دەستگیرکردووە، کە دوای کوژرانی؛ تەرمەکەی لە سندوقی تەکسییەکەیدا جێهێڵدرابوو.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 13ـی 12ـی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، دوای دەستنیشانکردنی شوێنی تۆمەتباران و بە کەمتر لە 48 کاتژمێر، "دوو تۆمەتبار بەناوەکانی (ی، ک، ن) تەمەن 22 ساڵ و هاوکاری بکوژ بە ناوی (ز، ج، ح) تەمەن 31 ساڵ لە سلێمانی دەستگیرکران".
ئاماژە بەوەشکراوە، "دوای دەستگیرکردن و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکان، تۆمەتباران دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە؛ دەرکەوت تۆمەتباری سەرەکی بە چەکی جۆری دەمانچە بە چوار گولـلە لە نزیک گوندی (گڵەزەردە) هاوڵاتییەکە دەکوژێت و دواتر تەرمەکە دەکاتە ناو سندوقی ئۆتۆمبێلەکە و لەسەر رێگەی (سلێمانی - عەربەت) ئۆتۆمبێلەکە بەجێدەهێڵن و هەڵدێن".
11ـی ئەم مانگە تەرمی هاوڵاییەک بە ناوی ئومێد عەلی مستەفا، لە ناو ئوتۆمبێلەکەی خۆیدا، لەسەر رێگەی (عەربەت - سلێمانی) دۆزرایەوە و هەر ئەو کات هێزە ئەمنییەکان رایانگەیاند، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن.
ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بە هۆکار و پاڵنەری تاوانەکە نەکردووە و رایگەیاندووە، هەردوو تۆمەتبارەکە بە گوێرەی مادەی 406ـی تایبەت بە کوشتن لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
AM:10:21:13/12/2024
ئهم بابهته 3644
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت