مه‌زڵوم عه‌بدی هۆشداری‌ ده‌دات


وێستگه‌نیوز-
مه‌زڵوم عه‌بدی فه‌رمانده‌ی گشتی‌ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) كه‌ زۆرینه‌ی كوردن، هۆشدارییدا له‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش دۆخی ئێستای سوریا بقۆزنه‌وه‌ و راشیگه‌یاند، له‌ئێستادا به‌ئاشكرا جموجۆڵه‌كانیان له‌ بیابانه‌كانی سوریا ده‌ستپێكردۆته‌وه‌.


مه‌زڵوم عه‌بدی له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی‌ سكای نیوز دوپاتیكرده‌وه‌ كه‌ "داعش به‌ هێزه‌وه‌ ده‌ستیكردووه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ چالاكییه‌كان له‌ بیابانه‌كانی سوریا"، ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌شدا كه‌ " به‌راورد به‌ قۆناغی پێشوو، ئێستا داعش چالاكتر بووه‌".

وتیشی: "به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌توانین بڵێین داعش به‌هێزتر بووه‌، به‌تایبه‌تی له‌ بیابانه‌كانی سوریا، پێشتر خۆیان حه‌شاردابوو، به‌ڵام ئێستا به‌ ئاشكرا له‌سه‌ر زه‌وی كارده‌كه‌ن".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ "سوپای سوریا كه‌ پێشتر شه‌ڕی داعشی ده‌كرد، ئێستا له‌و ناوچه‌یه‌دا ئاماده‌ نییه‌ كه‌ داعش چالاكیه‌كانی تێیدا ده‌ستپێكردۆته‌وه‌".

مه‌زڵوم عه‌بدی باسی له‌وه‌شكرد، "داعش ته‌نیا له‌ بیابانه‌كاندا چالاك نییه‌، به‌ڵكو ئێستا به‌شێك له‌ ئه‌ندامه‌كانی ده‌چنه‌ ناو ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سوریای دیموكراته‌وه‌ كۆنترۆڵكراون".

مه‌زڵوم عه‌بدی ده‌شڵێت: "یه‌كێك له‌ روداوه‌ پڕ له‌ ئازاره‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر چه‌كدارانی داعش سێ هه‌ڤاڵمانیان له‌ حه‌سه‌كه‌ شه‌هیدكرد، پێشتر توانای‌ ئه‌وه‌یان نه‌بوو".

ئه‌وه‌شی ئاشكراكردوه‌، "ئێمه‌ ده‌زانین كه‌ پلانه‌كه‌یان هێرشكردنه‌ سه‌ر زیندانی جویران و كه‌مپی هۆڵ له‌خۆده‌گرێت، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌په‌له‌ چاره‌سه‌ری ئه‌م مه‌ترسیه‌ بكرێت"، هۆشداریشیدا له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌ نه‌كرێت، ڕه‌نگه‌ دۆخه‌كه‌ زیاتر تێكبچێت.


PM:09:26:12/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 5568 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت