بایکۆتی مامۆستایان لە هەفتەی داهاتووەوە فراوانتر دەبێت
وێستگەنیوز_
ئەنجومەنی مامۆستایانی پشدەر ڕایانگەیاند، لە ڕۆژی یەکشەممەی
داهاتووەوە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن دەکەن.
ئەمڕۆ هەینی، 7ی کانوونی یەکەمی 2024، ئەنجومەنی
مامۆستایانی پشدەر لە ڕاگەیەنراوێکدا کە بە دەست وێستگەنیوز کەوتووە باس لەوەکراوە،
"ئێمە وەک ئەنجومەنی مامۆستایانی پشدەر و لە سۆنگەی ئەوەی کە پێمان وایە کاری
بە زۆرەملێ و بێبەرامبەر جۆرێکە لە کۆیلایەتی سەردەمیانە و ملکەچبوونە دوای ئەوەی
کە لەسەرەتا و دەستپێکی ساڵی خوێندن بەڕوونی هۆشداریماندا کە لەئەگەری جێبەجێنەکردنی
داواکارییە ڕەواکانی مامۆستایان و فەرمانبەران دووبارە و وەک ساڵانی پێشتر و بەگڕوتینێکی
زیاترەوە دێینەوە مەیدانی خەباتی مەدەنی و بێ ماندوو بوون و سڵەمینەوە هەر ڕێگایەکی
مەدەنی و یاسایی پێویست بێت دەیگرینە بەر بۆ بەچۆک داهێنانی دەسەڵاتداران لە ئاست
ماف و داواکارییە ڕەواکانی سەرجەم چین و توێژەکان بەگشتی و مووچە خۆران بەتایبەتی."
هەر بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو
بارودۆخە نالەبار و چەق بەستووەی کە دەسەڵات لەم هەرێمە خوڵقاندوویەتی ئێمە پێشوازی
دەکەین لەو بایکۆتە ناچارییەی مامۆستایان دەستیان پێکردوە و لەیەک شەممەی داهاتووشەوە
بایکۆتی سەرجەم هۆڵ و ناوەندەکانی خوێندن دەگرێتەوە."
مامۆستایانی پشدەر سێ خاڵیان وەك داواکاریی بڵاوکردوەتەوە
کە بریتییە لە:
١- دەست پێکردنەوەی پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان
و فەرمانبەرانی مەدەنی
٢- پێدانی مووچەکانی مانگەکانی دە و یانزە لە
نزیکترین کاتدا، هەروەها پێدانی موچەی مانگی دوانزە لەکاتی خۆیدا
٣- بەخێرای جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی تەوتین
کردنی مووچە لەلایەن بانکەکانی سەر بە حکومەتی فیدڕاڵی.
دەشڵێن، "لەئەگەری جێبەجێنەکردنی ئەم داواکاریانە بەهیچ
جۆرێک دەرگای ناوەندەکانی خوێندن ناکەینەوە و لەداهاتووشدا و بەپێی بەدەنگەوە هاتنی
مامۆستایان و فەرمانبەران و سەرجەم چین و توێژەکان هەر ڕێگەیەکی تری خەباتی مەدەنی
پێویست بێت ئەوا بێ ترس و سڵەمینەوە دەیگرینەبەر."
PM:08:20:06/12/2024
ئهم بابهته 1456
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت