مه‌زڵوم عه‌بدی‌: 250 هه‌زار كورد له‌ حه‌له‌ب له‌ مه‌ترسیدان


وێستگه‌نیوز-

فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات "هه‌سه‌ده‌" رایگه‌یاند كه‌ رێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ داعش ده‌ستی‌ به‌ هێرشكردووه‌، ده‌شڵێت: "250 هه‌زار كورد له‌ حه‌له‌ب له‌ مه‌ترسیدان و به‌رگرییان لێده‌كه‌ین".

ئه‌مڕۆ هه‌ینی‌ مه‌زڵوم عه‌بدی‌ فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات "هه‌سه‌ده‌" له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا له‌باره‌ی‌ رووداوه‌كانی‌ سوریا وتی‌: "ده‌مانه‌وێت كێشه‌كانمان له‌گه‌ڵ‌ توركیا به‌ دیالۆگ چاره‌سه‌ر بكه‌ین".

وتیشی‌: "250 هه‌زار كورد له‌ حه‌له‌ب له‌ مه‌ترسیدان و به‌رگری‌ له‌ دانیشتوانی‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی‌ ئه‌شره‌فیه‌ و شێخ مه‌قسود ده‌كه‌ین".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "داعش ده‌ستی‌ به‌ هێرش كردووه‌ و له‌ نزیك كه‌مپی‌ هۆل هێرشی‌ كردووه‌ و بۆ رووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌ په‌یوه‌ندیداین".

فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات باسی‌ له‌وه‌ش كرد كه‌ "په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ‌ ده‌سته‌ی‌ ته‌حریری‌ شامدا هه‌یه‌ و بڕیارمان نه‌داوه‌ له‌ دژیان بجه‌نگین".

فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هه‌سه‌ده‌ روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ "به‌ هاوكاری‌ ئه‌مریكا ئاواره‌كانی‌ شه‌هبامان رزگار كرد و ئاماده‌ین به‌شداری‌ له‌ دیالۆگی‌ چاره‌سه‌ری‌ سوریا بكه‌ین".

راشیگه‌یاند كه‌ "هاوئاهه‌نگیمان له‌گه‌ڵ‌ عێراق و سوریا هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ دواگۆڕانكارییه‌كانی‌ سوریا".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ چه‌ند رۆژی‌ رابردوودا ده‌سته‌ی ته‌حریری شام و گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی تری‌ لایه‌نگری توركیا، هێرشیان بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌تی سوریا ده‌ستپێكرد و تا ئێستا شاره‌كانی حه‌له‌ب و حه‌مایان كۆنترۆڵ‌ كردووه‌ و به‌ره‌و شاری‌ حومس پێشڕه‌وی‌ ده‌كه‌ن.


PM:12:53:06/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 1280 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت