روانگەی سووری: وێستگەی سەرەکیی ئاوی حەلەب لەلایەن هەسەدەوە کۆنترۆڵکرا


وێستگەنیوز_

هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە چەند بەرەیەکەوە لە گوندەوارەکانی حەلەب و مەنبەج، دژی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا لە پێشڕەویدایە و چەند ناوچەیەکی ستراتیجی کۆنترۆڵکردووە.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، "وێستگەی ئاوی باپیری، کە وێستگەی سەرەکیی ئاوی شارى حەلەبە، لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە کۆنترۆڵکراوە".

هاوکات، هەسەدە پاش رووبەڕووبوونەوەیەکی سەخت لەگەڵ ئەو گرووپە چەکدارانەی بە نزیک لە تورکیا ناودەبرێن، شارۆچکەی خەفەسەیان لە مەنبەج لە باشووری حەلەبەوە کۆنترۆڵکردووە.

روانگەی سووری ئاماژەی بەوەکردووە، هێزەکانی هەسەدە بە ئاڕاستەی فڕۆکەخانەی سەربازیی کوەیریس لە پێشڕەویدان و چەند ناوچەیەکیان لە دەوروبەری فڕۆکەخانەکە کۆنترۆڵکردووە، ئەمەش پاش هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا دێت بۆ سەر ناوچەکانی شەهبا و تەلڕەفعەت.

باسی لەوەشکردووە، "لە هێرشەکەی هەسەدە 11 ئەندامی گرووپە چەکدارەکان کوژراون و دەستیشیان بەسەر سێ ئۆتۆمبێلی سەربازییدا گرتووە."

میدیاکانی ئەو وڵاتە باس لەوە دەکەن، ئەو گرووپە چەکدارانەی کە بە نزیک لە تورکیا ناودەبرێن، لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی "بەرەبەیانی ئازادی"، شارۆچکەکانی سەفیرە و خەناسڕیان لە رۆژهەڵاتی حەلەب و فڕۆکەخانەی کوەیریسی سەربازییان کۆنترۆڵکردبوو، لەئێستاشدا گەمارۆى چەند ناوچەیەکی کوردنشینیان لە حەلەب داوە.

راگەیەندراوەکەی روانگەی سووری باس لەوە دەکات، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا، لە ناوچە کوردنشینەکانی حەلەب "کۆمەڵکوژییان ئەنجامداوە و رێگە بەهاوڵاتیان نادەن بەرەو ناوچە ئارامەکان خۆیان دەرباز بکەن".


PM:12:27:05/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 788 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت