وەزیری ناوخۆ: خەڵکی دەسترۆشتوو لە پشت هێنانی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتاوەن
وێستگەنیوز_
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دەبێت شێوازی نەهێشتنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا بە جۆرێک بێت خەڵکی فەقیر و هەژار زەرەرمەند نەبن."
وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی: ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا کێشەیەکی گەورەیە، لە کوێوە دێن؟ بۆ ئەوەی زۆر بە راشکاوی پێتان بڵیم، ئەوانەی خوار مۆدێلن لە باشماخ و پەروێزخانەوە داخڵ دەبن، ئەوانەی پێیان دەوترێت کراون (مەلیکە)، لە خوارووی عێراقەوە داخڵ دەکرێن بۆ ئەوەی بکرێنە پارچەی یەدەگ، بەڵام بەداخەوە قاچاخچییەکان لە هەردوولاوە، چی لە پارێزگاکانی عێراق و چی هاوسنوور لەگەڵ گەرمیان و ناوچەکانی سلێمانی، ئەو ئۆتۆمبێلانە داخڵ دەکرێن، بە قاچاخی داخڵ دەکرێن و خەڵكێکی دەسترۆشتووش لە پشتیانە. باجەکەشی خەڵکی فەقیر و هەژار دەیدات.
رێبەر ئەحمەد باسی لەوەشکرد، لە هەموو بارودۆخێکدا هەبوونی ئەم ئۆتۆمبێلانە دیاردەیەکی ناتەندروستە، چونکە لە ڕووی پتەوی و سەلامەتییەوە ئامادە نین، رەنگە لە رووداوێکی پێکداداندا، سەرنشینانی ئەم ئۆتۆمبێلانە زیاتر ژیانیان لە مەترسیدا بێت.
سەبارەت بە بڕیاری دەستبەسەرداگرتنیان رایگەیاند: نەهێشتنی لەسەر شەقامەکان شتێکی باشە بەڵام شێواز و مامەڵەکردن لەگەڵ نەهێشتنەکە دەبێت شتێک بێت هەموومان لەسەری رێکبکەوین، ئالیەتێکی ئیداری و یاسایی هەبێت، بۆ ئەوەی نە خەڵکی فەقیر و هەژار زەرەرمەند بن، نە سەلامەتی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان بکەوێتە مەترسییەوە.
لەبارەی دۆخی مووچەوە، وەزیری ناوخۆ وتی: مووچە کەمتر پەیوەندی بە منەوە هەیە، بەڵام لە نزیکەوە ئاگادارم لە هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە پەیوەندیدان بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکان و مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان.
دووپاتیشیکردەوە، ئەمەی بەغدا دەیکات، "برسی کردن و ئەزیەت دانی خەڵکی هەرێمی کوردستانە و بە سیاسی کراوە، ئەمەش خزمەت بە پێکەوەژیان ناکات، چونکە ئەمە منەت نییە و بابەتەکە قوتی رۆژانەی خەڵکە. "
وتیشی: ئێمە وەک حکومەت و خەڵکیش بێزاربووین، ئەگەر کێشەیەک هەیە لە رێگەی دیوانی چاودێری و وەزارەتی دارایی با بخرێتە ڕوو، ئەوەی نەشدەبوو پێیان بدرێت، پێیان دراوە و هیچ بیانوویەک نەماوە، بەڵام هێشتا قوتی خەڵک بە سیاسی کراوە.
لە بەشێكی دیکەی کۆنگرەکەدا، رێبەر ئەحمەد باسی لەوە کرد: یەکێک لە پلانەکانی سەرەتای کابینەی نۆیەم، پلانی بە دیجیتاڵکردنی دامەزراوەکانی حکومەت بووە. یەکەم شوێنیش لە وەزارەتی ناوخۆ دەستیپێکردووە و بۆ داهاتووش پلانەکە بەردەوامە.
ئاشکراشیکرد، هێشتا ئاوارەی سووریا بە رێژەیەکی زۆر نەهاتوونەتە هەرێمی کوردستان، بەڵام دۆخی ناوچەکە هۆکارن بۆ دووبارە بوونەوەی هاتنی پەنابەر، ئەگەر ئەم رووداوانە بەردەوام بن، بێگومان ژمارەکەیان زیاتر دەبن. ئێمەش لە هەرێمی کوردستان هەماهەنگی باشمان لەگەڵ UN و لایەنەکاندا هەیە.
AM:11:45:05/12/2024
ئهم بابهته 1244
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت